قوباد تاڵەبانی: حکومەت کار لەسەر بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیاری دەکات
کوردسات نیوز
١٧ی نیسانی ٢٠٢٢
لەکۆبوونەوەکە کە ئەمڕۆ ١٧ی نیسان لە قەزای دوکان بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی گەشتیاری دوکان، باسیان لە گرفت و چارەسەرەکان و قۆناغەکانی ئامادەکارییەکانی ئەم پڕۆژەیە کرد و چۆنییەتی پەلەکردن لە جێبەجێ کردنیان بۆ ئەوەی پڕۆژەکە زووتر سەرپێ بکەوێت.
جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختیکردەوە، حکومەت کار لەسەر بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیاری دەکات بەشێوەیەکی گشتی تا بگاتە ئەو ئاستەی ببێتە سەرچاوەیەکی داھاتی دارایی بۆ ھەردوو کەرتی تایبەت و گشتیش، بۆیە ھەموو کار ئاسانییەک دەکەین لەپێناو دەستپیکردن بەکارەکانی پڕۆژەکە بەشێوەیەکی کردەیی.
پڕۆژەی گەشتیاریی دوکان کە پرۆژەیەکی گەورەی گەشتیارییە بە ھاوپشکی لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت لە قەزای دوکان بە تێچووی یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار دەکرێت و بەدەستپێکردنی ھەزاران ھەلی کار دەڕەخسێنێت و بەتەواو کردنیشی دەبێتە گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق.