چەند پڕۆژەیەکی گەشتوگوزاری لە دوکان جێبەجێ دەکرێن
کوردسات نیوز
١٧ی نیسانی ٢٠٢٢
لە کۆبوونەوەکە کە رۆژی یەک شەمە ١٧ی نیسان بەڕێوەچوو و ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون، گرفتەکانی بەردەم گەشەکردنی گەشتوگوزار لە قەزای دوکان و چۆنییەتی چارەسەر کردنی ئەو گرفتانە تاوتوێ کران.
جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لە پاڵپشتی حکومەت بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار کردەوە و داوای لە کەرتی تایبەت و وەبەرھێنەران کرد پلان و پڕۆژەی خۆیان بۆ وەبەرھێنان لە کەرتی گەشتوگوزار پێشکەش بکەن و ھەروەھا داوای لە دەستەی گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کارئاسانی تەواو بکەن بۆ ئەو وەبەرھێنەرانەی دەیانەوێت لە کەرتی گشتوگوزاردا وەبەرھێنان بکەن.
لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەدا باسی کێشەی ئەو زەوی و زارانە کرا کە بڕیارە پڕۆژە گەشتیارییەکانی تێدا جێبەجێ بکرێت و بڕیاردرا ئەو کێشەیە بە شێوەیەکی یاسایی و بە جۆرێک چارەسەر بکرێن کە خاوەن زەوییەکان سودمەندبن لەوەی زەوییەکانیان بۆ پڕۆژەی گەشتیاری بەکاربھێندرێت.
ھەر بە مەبەستی پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار لە قەزای دوکان بڕیارە ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی چەند کۆبوونەوەیەکیتر بکات لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.