لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ھاتووە، کارکردن لە پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان دووبارە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێتەوە، ئێستا نزیکەی ٦٠%ی کارەکانی جێبەجێکراوە و بڕیارە ئەو بەشەی ماوە بەمزووانە تەواو بکرێت.


ئاماژەی بەوەشکردووە، جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی دەربەندیخان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری سلێمانی سەرپەرشتیی دەکرێت و لەلایەن کۆمپانیایەکی جێبەجێکار بە گوژمەی ١٩،٧٩٩،١٠٠دۆلار لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێت.


ئاشکراشیکردووە، پرۆژەکە ٧٥ ھەزار کەس لە دانیشتووانی دەربەندیخان و دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن، گرفتی پیسبوونی ئاو و کەمی ئاو لە سنوورەکە بە تەواوی چارەسەر دەکات، لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت، بەشی وەرگر و بەشی پاڵاوتن و چارەسەرکردن کە بە ھێڵێکی سەرەکی بەستراونەتەوە لە بۆریی کاربۆن ستیل بە تیرەی ٥٠٠ ملیم و بە درێژی ٢،٨ کیلۆمەتر، پرۆژەکە دوو ھێلی دابەشکردنی ئاوی ھەیە بە تیرەی ٤٠٠ ملیم و درێژی ٢٥٠ مەتر و ٣٠٠ ملیم بەدرێژی ١٨٠٠ مەتر.


وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جەختیکردووەتەوە جگە لەوەی ئێستا ٦٠%ی کارەکانی پڕۆژەکە جێبەجێکراوە، ھاوکات بە ڕێژەی ٩٠%یش کاری ئەندازەی شارستانی و ١٠٠%ی کاری دیزاینی تەواو بووە و ئێستاش کۆمپانیای بەڵێندەر سەرقاڵی دابینکردنی ئەو کەلوپەلانەن کە بۆ تەواوکردنی بەشی کارەبا و میکانیکی پرۆژەکە پێویستن و بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەستبەکارەکانی بکات.