فازڵ نەبی بریکاری پێشووتری وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق لە بەرنامەی بەیانی کوردسات نیوزدا رایگەیاند، بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ عێراق ماوەیەکی زۆرە ئامادەکراوە، بەڵام دواتر ھەڵبژاردن ئەنجامدرا و پێکھێنانی حکومەت دواکەوت ئەو حکومەتی ئێستا ھەیە کاربەرێکەرە و ناتوانێت ھیچ پڕۆژە یاسایەک بنێرێتە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوەش یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکییەکانی دواکەوتنی بودجە.


وتیشی، یاسای ئیدارەی دارایی لە عێراق رێگە بە حکومەتی دەدات کار بە یەک لەسەر ١٢ی بودجەی پێشووتر بکات بۆ ئەوەی کاروباری حکومەت نەوەستێت و مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆی بدرێت.


بریکارەکەی پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق راشیگەیاند، دواکەوتن و نەبوونی بودجەی ٢٠٢٢ عێراق کێشەی ئەوتۆ بۆ حکومەتی عێراق دروستناکات، بەڵام کێشەی گەورە بۆ ھەرێمی کوردستان دروستدەکات، لەبەر ئەوەی کار بە بودجەی ٢٠٢١ دەکرێت و لەو بودجەیەشدا زیانێکی زۆر گەورە بەر ھەرێمی کوردستان کەوتووە، چونکە ئەگەر ھەرێم پابەند بێت بەو یاسایەوە بەھۆی ئەوەی نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، ھیچ بەشە بودجەیەکی بەرناکەوێت، ھەر بۆیە پێویستە لە بودجەی ٢٠٢٢ حکومەتی ھەرێم بەو خاڵانەی لە بودجەی ٢٠٢١ ھەیە رازی نەبێت.


ئاشکراشیکرد، بەپێی ئەوەی تائێستا حکومەت لە عێراق پێکنەھێنراوە و پێشبینی دەکرێت بۆ ئەمساڵ عێراق یاسای بودجەی نەبێت. 


لەبارەی ٢٠٠ ملیارەکەش ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ٢٠٠ ملیار دینارە بۆ ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١ تەنھا چوار جار نێدراوە و لەمساڵیشدا دوو جار نێدراوە و لەبەر ئەوەی سولفەیە زۆر جار کێشەی بۆ دروستدەکرێت.