عەلی حەمەساڵح: حکومەتی ھەرێم یەک لیتر بەنزین بۆ سلێمانی نانێرێت
١٧ی نیسانی ٢٠٢٢
"عەلی حەمەساڵح" سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە فەیسبووک وەڵامی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی دایەوە و نووسیویەتی، زیاتر لە دوو ساڵە جگە لەو بەنزینەی لە بەغدادەوە دێت، حکومەتی ھەرێم ڕۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن لیتر بەنزینی ھەیە، لەبری ئەوەی بە دادپەروەری بەسەر ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دابەشبکرێت، تەنھا دەدرێتە کۆمپانیای سەن ئۆیڵ و لیترێک بە ٦٦٠ دینار، ئەویش ڕێژەیەک دابەش دەکات و پشکی ھەرە زۆری ناوچەکانی ھەرێمی لێی بێبەش دەکات.
جەختیشی کردووەتەوە، پشکی سلێمانی و ھەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان ڕۆژانە ٤٠٠ ھەزار لیترە و لیترێکی دابەش ناکرێت.
ھەروەھا سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان داوای روونکردنەوە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکات و دەڵێت، بەنزینەکەی ناوخۆی ھەرێم باس بکەن و ئاشکرای بکەن چی لێدێت؟ ئەو بەنزینە زۆرەی "کۆمپانیای کار" لە بازاڕی ھەولێردا ھەیە ئەوە لە کوێوە دێت! خۆ لە دەرەوەی وڵاتەوە نایەت.