وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ھەرێم ئاماری کەمئەندامان ئاشکرادەکات
کوردسات نیوز
١٦ی نیسانی ٢٠٢٢
کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرنامەی تا یەکی کوردسات نیوزدا رایگەیاند، چەندین چاکسازیان لە وەزارەتەکەیان ئەنجامداوە، پێشتر ئەگەر کە سێک کاری ھەبوایە لە وەزارەتەکەیان دوو تا سێ رۆژ مامەڵەکەی بۆ دەکرا، بەڵام ئێستا ھەر کەسێکی کارێکی ھەبێت ھەمان رۆژ مامەڵەکانی بۆ تەواو دەکرێت بۆ ئەوەی ئەرکی نەکەوێتەسەر و نەمێنێتەوە لە ھەولێر.
وتیشی، پێشتر لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتییەکان دۆسێی کەمئەندامان کەموکورتی ھەبوو، بەڵام ئێستا ئەو دۆسێیە رێکخراوەتەوە و دەیانەوێت سەنتەرێکی مەرکەزیش بۆ پشکنینی کەمئەندامان دروستبکەین.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەشڵێت، "لەماوەی رابردوو دەرگای خۆتۆمارکردنمان بۆ کەمئەندامی کردووە و زیاتر لە ١١ ھەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە و لەئێستادا وەزارەتی تەندروستی سەرقاڵی دروستکردنی لیژنەکانی پزیشکین و ھەرکاتێک ئەوان کارەکانیان تەواوکرد دەستدەکەین بە پشکنینییان و دوای ئەوەی ھەر کەسێک لە پشکنینەکە بە کەمئەندام ھەژمارکرا مووچەی بۆ دەبەسترێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەمئەندامانەی فەرمانبەرن یان خانەنشینن کە ژمارەیان ١١ ھەزارە موچەکانیان نابڕدێت تەنھا راگیراوە و رێکدەخرێتەوە و مووچەی کەمئەندامیەکەیان بۆ دەکرێت بە دەرماڵە و دەخرێتە سەر مووچەی فەرمانبەرییەکەیان یان خانەنشینییەکەیان ئەمەش کارئاسانییە بۆ کەمئەندامان خۆیان.
لەبارەی ئاماری کەمئەندامانیشەوە کوێستان محەمەد ئاشکرایکرد، لە ئێستادا ٨٣ ھەزا کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵا مووچە وەردەگرن و نزیکەی ١٢ ھەزاری تر تۆمارکراون و رێژەیەکی تریش ھەیە لە قۆناغی داھاتوودا کە پێشبینی دەکەن زیاتر لە پێنج ھەزار بن ئەوانیش تۆمار دەکرێن.