لوقمان وەردی: پارتی ناتوانێت زۆرینە بەکار بھێنێت
کوردسات نیوز
١٦ی نیسانی ٢٠٢٢
لوقمان وەردی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە بەرنامەی بەیانیانی کوردسات نیوزدا رایگەیاند، ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن رەھەندی نیشتمانی و سیاسی ھەیە و پێویستە سازانی لەسەر بکرێت، لە کاتێکدا یاسای ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان ٣٠ پێش ئێستا دەرچووە و ھەڵبژاردنی پێنج خولی پەرلەمانی بەم یاسایە کراوە، بەڵام ئەم یاسایە لەگەڵ ھەلومەرجی ئێستادا ناگونجێت بۆیە پێویستە ھەموار بکرێتەوە.
وتیشی، سیستمی یەک بازنەیی لە وڵاتانی دنیاش کاری پێناکرێت و کۆتاییھاتووە، چونکە دادپەروەردی لە نێوان شارەکان دروست ناکات و وا دەکات شارێک لەسەر حسابی شارێکی تر نوێنەر بنێرێتە پەرلەمان، بۆیە بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد وا داوای ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنمان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سێ رێککەوتن ھەیە لەسەر ھەموای یاسای ھەڵبژردن و کۆمسیۆن و دەستور ئەوانیش رێککەوتنی یەکێتی و پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و رێککەوتنی تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئەوەی پرسی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن دەبێت بە سازانی تەواوی فراکسیۆنەکان لە پەرلەمان تێپەڕێنرێن و نابێت ھیچ ھێزێک بیر لەوەبکاتەوە بە زۆرینە و کەمینە تێیپەڕێنن.
لەبارەی زۆرینەوەی پەرلەمانیشەوە لوقمان وەردی رایگەیاند، ئەو زۆرینەیەی ھەیە واقعی نییە، چونکە ئەو پێنج ھێزە سەرەکییەی داوای ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن دەکەن بە پێی دەنگی بەدەستھاتوو نوێنەرایەتی ٥٣ کورسی پەرلەمانی دەکەن، بەڵام ئەو زۆرینەی باس دەکرێت پێکدێت لە پارتی و پێکھاتەکان، بەرەی ھەموار زۆر لە پێش بەرەی زۆرینەوەن، کە لە راستیدا یاسای ھەڵبژاردن وایکردووە ئەو زۆرینەی پەرلەمانی دروست بێت.
دەشڵیت، "پارتی ناتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی بەکار بھێنێت، چونکە بەپێی مادەی ١٨ی پەرلەمانی کوردستان بانگەوازی سازدانی کۆبوونەوە تەنھا لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەماندایە و تاوەکو سەرۆکی پەرلەمان بانگەواز نەکات کۆبوونەوە بەرێوەناچێت، مەگەر پەنا بەرێت بۆ رێگەی نایاسای، بۆ ئەوکاتەش ھەموومان واقعی سیاسی و جوگرافی ھەرێمی کوردستان دەزانین و لێکەوتەی خراپی لێدەکەوێتە و رەنگە کەسمان ئاواتی بۆ نەخوازین، وەکو یەکێتیش یەکڕیزی نیشتمانی و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان ھێڵی سوورە، ھەر لایەنێکیش بیەوێت پەنا بۆ کاری نایاسیی بەرێت دەبێت لێکەوتەکانی لە ئەستۆ بگرێت.