کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرنامەی تا یەکی کوردسات نیوزدا رایگەیاند، ناتوانن ھیچ داتاییەک لەبارەی رێژەی ھەژارییەوە بخەنەڕوو و بۆ دیاریکردنی پێویستە سەرژمێرییەکی ورد بکرێت تا رێژەکەی دیاریبکرێت، بەڵام لەدوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و کەرەنتینە و قەیرانی دارایی رێژەکە بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا پێشتر ٨٨ ھەزار خێزان مووچەیەکی مانگەنەی ١٥٠ ھەزار دیناریان ھەبووە، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایییەوە لە ساڵی ٢٠١٥ راگیراوە.


وتیشی، لە ئێستا سەرقاڵی ئەوەن لیستێکی خاوێن دروستبکەن پشتراستی بکەنەوە کێ ھەژارە، چونکە لیستەکەی پێشبوو پڕبووە لە گەندەڵی و نادادپەروەری و خەڵکانێکی تێدابووە شایستە نەبوون و چەندین خەڵکی ھەژاریش لە دەرەوەی لیستەکە بوون.


وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راشیگەیاند، بۆ دروستکردنی لیستی ھەژارەکان رێنمای پێویست دەردەکەن و دەرگا دەکەنەوە بۆ ئەو کەسانەی خۆیان بە ھەژار دەزانن تا ناوی خۆیان تۆمار بکەن و دواتر لیژنەکانیان بە ھاوکاری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سەردانی ئەو ماڵانە دەکەن بۆ پشتراستکردنەوەی زانیارییەکان.