روسیا داوا لە دیمەشق دەكات گەمارۆی سەر گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب هەڵبگیرێت
کوردسات نیوز
١٦ی نیسانی ٢٠٢٢
سەرچاوەیەکی باڵا لە رۆژئاڤای کوردستان بە رۆژنامەی شەرقولئەوستی راگەیاندووە، فەرماندەی ھێزەکانی روسیا لە سوریا لە شاری قامیشلو لەگەڵ نوێنەرانی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا و بەرپرسانی حکومەتی دیمەشق کوبووە بۆ گفتوگۆ لەبارەی کوتاییھێنان بە گەمارۆی ھێزەکانی سوریا لەسەر دوو گەڕەکی کوردنشینی شاری حەلەب، لەگەڵ گەمارۆی ئاسایشی رۆژئاڤا لەسەر چوارگۆشەی ئەمنی حکومەتی سوریا لە شاری قامیشلو.
بە پێی رێککەوتنەکە دەبێت ھێزەکانی حکومەت رێگە بدەن ئارد و خۆراک و سوتەمەنی بگاتە ھەردوو گەڕەکی "شێخ مەقسود و ئەشرەفیە" لە شاری حەلەب لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی فەرمانبەرانی حکومەت بۆ سەر کارەکانیان لە چوارگۆشەی ئەمنی قامیشلو.
لوقمان ئەحمێ وتەبێژی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاڤاش سیاسەتی گەمارۆ خستنەسەر ھەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی حەلەبی بە تاوانی جەنگ ناوبرد کە زیاتر لە دوو مانگ بەردەوامە.