وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداری لە مەترسیی پەرەسەندنی شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەدات و رایگەیاند ئەگەر ئەم شەڕە نەوەستێت، وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش دەگرێتەوە.
“هاکان فیدان” وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ لە 51ەمین خولی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە ئیستانبوڵدا، باسی لە شەڕی ئێستای نێوان ئیسرائیل و ئێران کرد.
فیدان لە وتارەکەیدا جەختی لەسەر پشتیوانیی وڵاتانی ئیسلام بۆ ئێران کردەوە و دووپاتی کردەوە کە “ئیسرائیل بووەتە کێشەی سەرەکیی ناوچەکە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵی خۆی بگێڕێت.”
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: “هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە کاتێکدا رویدا کە دانوستانە ئەتۆمییەکان بەردەوامییان هەبوو، ئێمە ئەمە بە تەواوی رەتی دەکەینەوە.”
فیدان هۆشدارییەکی جددیی دا و وتی: “ئەم ئاڵۆزییە پەرەدەسێنێت بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات کۆتایی پێبێت.”
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوە وتی؛ “رەجەب تەیب ئەردۆغان” سەرۆک کۆماری تورکیا هەموو هەوڵێک بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان دەدات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا دووپاتی کردەوە کە تورکیا هەوڵەکانی دابەشکردنی ناوچەکە بە تەواوی ڕەت دەکاتەوە.