سەرۆکی ھاوپەیمانیی عەزم: زۆرینەی نیشتمانی لە ئارادا نییە ئەوەی ھەیە پەراوێزخستنە
١٥ی نیسانی ٢٠٢٢
لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردسات نیوز کە سەعات ٧ی ئێوارەی ھەینی پەخش دەکرێت، موسەننا سامەرائی ڕایدەگەیەنێت، کە لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھاوبەشن، کراوەشن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ھێزە سیاسییەکان بۆ ھاریکاری بە گوێرەی ڕێوشوێنە یاسایی و دەستوورییەکان، بەڵام لایەنێک ھەیە، ھەمیشە ھەوڵدەدات ئەوانی دیکە پەراوێز بخات.
دەشڵێت، لەم بارودۆخەی ئێستادا بە بێ تەوافوق ناکرێت حکومەت پێکبھێنرێت کە زۆرینەی نیشتمانی لە ئارادا نییە، ئەوەی ھەیە پەراوێزخستنە، لایەنێک لایەنەکانی تر پەراوێز دەخات، ئەوەش ڕاستیەکە و ھەیە، لایەنێک دەیەوێت لایەنی سوننە پەراوێز بخات، لایەنێکیش ھەیە دەیەوێت یەکێتیی نیشتمانی پەراوێز بخات، لایەنێکیش ھەیە دەیەوێت چوارچێوەی ھەماھەنگی پەراوێز بخات، ئەوە پرسە ڕاستەکەیە، ئەوە واقیعی حاڵەکەیە. ئەوە ئەو ڕاستیەیە کە خراوەتە بەردەم ئەوانی تر. بەڵام لەسەر چ بنەمایەک لایەنێکی دیکە پەراوێز دەخەیت، کە لایەنێکی سەرەکییە و لە ھەڵبژاردنەکاندا ئەنجامی بەدەستھێناوە و نوێنەرایەتی جەماوەری خۆی دەکات و تۆ دێیت و پێیدەڵێیت نابێت لە لیژنە پەرلەمانییەکان و حکومەتدا بەشداری بکەیت، ئەوە شتێکی لۆژیکی نییە، لە ھیچ شوێنێکی جیھاندا ئەو شتە ڕووینەداوە.