(ئەمین بابە شێخ) ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان (سەرکەوت محمد ‌غفور) ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەکانی دەرەوە، سەرۆکایەتی بەشداریی تیمێکی کادیرانی پێشکەوتووی (ی.ن.ک)ی کرد لە پانێڵێک دەربارەی گەشەپێدانی دیموکراسییەت لە جیھاندا.

لە سەرەتای پانێڵەکەدا کە لە ڕێی پرۆگرامی زوومەوە سازکرابوو، ئەمین بابە شێخ وتاری (ی.ن.ک)ی پێشکەش کرد و  باسی لە پەرۆشی و کۆششی ھەردوولا کرد لە پاراستن و پەرەپیدانی پەیوەندیی مێژوویی نێوان ھەردوولا کە جێگەی شانازین. لەو میانەیەشدا بە گرنگییەوە باسی لە ڕۆلی (ی.ن.ک) کرد بە سەرۆکایەتی خوالێخۆشبوو سەرۆک (جەلال تاڵەبانی) کە چوارچێوەیەکی فراوان و پتەوی داناوە بۆ ھەماھەنگی حزبی و حکومیی و گفتوگۆیەکی سوودبەخش لە پێناو پێشخستنی پەیوندییە حزبیەکانی ھەردوولا، سەرباری پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری عێراق و کۆماری چینی میللی و ھەرێمی کوردستان.
دواتر باسی لەو پەیوەندییە سیاسی و ڕۆشنبیری و ئابورییانە کرد کە تا دێت لە پێشکەوتنی زیاتردایە بە ئاڕاستەی خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی ھەردوولا.

لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان، ڕۆشنایی خستەسەر ئەوەش کە سەرباری پانتایی جوگرافیای کۆماری چینی میللی، پەیوەندییە دبلۆماسییەکانی لەگەڵ میللەتی کورد و میللەتانی ھاوشێوەی زۆر پتەوە. لەبەرئەوەی میللەتانی ناوچەکە ھاوبەش بوون لە ڕێگەی ئاوریشمی کۆن، لەسەر ئاستی مێژووی سیاسییش ھەردوو میللەت ھاوڕێگا بوون لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییدا. جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستیی پابەندبوون بە بنەماکانی گفتوگۆی ھاوبەش لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکان و پشتیوانیکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوری و ڕۆشنبیرییەکان لە ناوچەکەدا. ھەروەھا بە بایەخەوە باسی پڕۆژەی (ڕێگەی ئاوریشمی)ی کرد کە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی نێودەوڵەتییە و ھەوڵدەدەن لەسەرئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەشداربن و سوودی لێ ببینن.

لەکۆتاییدا سوپاس و پێزانینی حزبی شیوعی چینی کرد بۆ ئەنجامدانی پانێڵەکەو نوێ بوونەوەی ھاوبەش و ھەماھەنگی نێوان ھەردوو حزب. بە وتەیەکی چینی کۆتایی بە بەشدارییەکەی ھێنا کە دەڵێت: "بەردەوامبوون وا لە بەرد دەکات ببێت بە پشکۆ".

پاشان بەڕێز (زوو ڕووی) یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی کۆماری چینی میللی، سوپاسی (ئەمین بابە شێخ)ی کرد بۆ پێشکەشکردنی ووتەکەی و تەئکیدی کردەوە لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییە حزبییەکانی نێوان ھەردوولا. ڕۆڵی خوالێخۆشبوو سەرۆک (جلال تاڵەبانی)شی بەرزنرخاند لە گەشەپێدان و چەسپاندنی دیموکراسیەت و دروستکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری عێراق و کۆماری چینی میللی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ھەروەھا ئاماژەی کرد بە ئاوەدانکردنەوەی عێراق لە سەرجەم بوارەکان و ھاوکاریکردنی عێراق لە ڕووی تەندروستییەوە کە کۆماری میللی چین یەکەم ووڵات بوو لە ناردنی پێداویستی تەندروستی و ڤاکسین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا.