لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان سکاڵا دژی ژمارەیەک دەزگای میدیای تۆمار دەکات
١٤ی نیسانی ٢٠٢٢
سەندیکاکە دەشڵێت "ئەو سەرچاوەی کە ناسراو نیە و ئەدمینی ئەو پەیجانەن کە بەرپرسی پەیجەکانیش نازانن لەکوێوە پۆستەکان داخڵ دەکەنە ناو کەناڵەکانیانەوە، بەبێ شەرم باس لە کێشەی دارایی دەکات، بەڵام نازانێت ئەوە گێلیە کە نەزانیت لە ھەولێرەوە بۆ ماوەی ھەٍشت ساڵە ئابڵوقەی دارایی خراوەتە سەر لقی سلێمانی و شەڕی برسی کردن و پەراوێز خستن لەسەر سلێمانی دەکرێت."
دەقی ڕوونکردنەوەکەی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان:
روونکردنەوەی لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان
بۆ ھەندێک لەدەزگا میدیاییەکانی ھەولێر
ناو بەناو چەند دەزگاو پەیجێک، دوور لە ئیتیک و زانیاری راست و دروست، بە فرمان رایان دەسپێرن قسە لەسەر لقی سلێمانی و سکرتێری لقەکەی بکەن..
دڵنیایی دەدەین بە ستافە ماندوەکەی لقەکەمان و سەرجەم رۆژنامەنووسانی سلێمانی کە سەرجەم ئەو دەنگە نەشازانەدەبەینە بەردەم دادگاوھەرچی درۆو بوختانیان کردوەو لەسەر تەنافی راستگۆیی بۆ خەڵکی کوردستانی ھەڵدەخەین و بزانین لە کۆتاییدا کێ سیخوڕەو کێ کار بۆ دەوڵەتان دەکات و کێش ماوە بەسەرچوەو کاتی شەرعی و یاسایی تەواو بوە؟؟؟
کارکردن و بەردەوامی ستاف و سکرتێری لق لەسەر کارەکەی، وەک چالاکترین لقی سەندیکاکە بەردەوامە، رۆژانە لەسەنگەری بەرگری و وەرگرتنەوەی مافی رۆژنامەنووسانداین، کەچی باسی لادان و لەکار خستن دەکەن، کەسی ژیریش دەبێت بزانێت لادان و لەکارخستنی ھەرکەسێک بە ھەڵبژاردنی ئازادو ئاشکرا ھاتبێت، بە ھەواو ئارەزوو ئیمزای چوار پێنج کەسێک لانادرێت، بۆیە وەک ئامۆژگاریەکی دڵسۆزانەو بۆ ئەوەی ئەو بابەتە لە مێشکی چەند کەسێکی نەخۆش دەربکەین، گەر کار بە ئیمزا دەکەن ئەوا لەچەند سەعاتێکدا چەند ھەزار ئیمزایەکتان بۆ دەخەینە سەر مێزی سەندیکای رۆژنامەنووسان، بەڵام لۆجیک و ھۆش و بیر وا ناڵین!!!
ئەی چی دەڵێن؟؟
دەبێت وەک کەسی خوێنەوارو رۆشنبیرو دنیا دیدە بگەرَێنەوە بۆ یاسای سەندیکاو پەیڕەوی ناوخۆی سەندیکاو میساقی شەرف و یاسای کاری رۆژنامەوانی، بزانن پرۆسەی دانان و لادان چۆن دەگوزەرێت، نەک وەک بوکەڵە بەدەستی ئەمو ئەوەوە بابەتی درۆو ترسنۆکانە بەناوی سەرچاوەی ئاگادار بڵاوبکەنەوە..
لە بڕگەیەکدا باس لە نەقیب و جێگری نەقیبی پێشوو دەکەن و باسی (ئینزار) دەکەن...، لوتکەی کڵۆڵی ئازادی وتن و رادەربڕین و تیرۆری رۆژنامەنووسان و حوکمدراوانی بادینان دەھێنێتەوە ھۆشمان، ئینزار ھەڕەشەیە، یان ترساندنە؟؟ خۆ ئەمە یاری وەرزشی نیە ئینزاری زەردو سور بەکاربھێنن، ئەی باشە باسکردنی ئینزار شەرم ھێن نیە بۆتان؟؟.
ئەو سەرچاوەی کە ناسراو نیە و ئەدمینی ئەو پەیجانەن کە بەرپرسی پەیجەکانیش نازانن لەکوێوە پۆستەکان داخڵ دەکەنە ناو کەناڵەکانیانەوە، بەبێ شەرم باس لە کێشەی دارایی دەکات، بەڵام نازانێت ئەوە گێلیە کە نەزانیت ھەولێرەوە بۆ ماوەی ھەٍشت ساڵە ئابڵوقەی دارایی خراوەتە سەر لقی سلێمانی و شەڕی برسی کردن و پەراوێز خستن لەسەر سلێمانی دەکرێت، خۆ دەبێت بزانن کێشەی دارایی لە بوونی پارەوە دروست دەبێت، بەڵام کە ئێوە پاروویەک لەدەمتان نەکەوێتە خوارەوە، بۆ کۆشی سلێمانی، ئیتر ناڵێن کێشەی دارایی لەچیەوە دروست دەبێت؟
سەرچاوەکە وای وت!!
ئەم رستەیە ئابروبەرترین رستەیە لە میدیای کوردیدا نووسرابێت، بەڵام کە باسی ناوخۆی یەکێتی دەکات دیارە ئەو سەرچاوەیە لەناو یەکێتیەوە بەم کەناڵە درۆزنەی راگەیاندووە، باشە گەر ترسنۆک نین بۆچی ناوی ئەو سەرچاوەیە ئاشکراناکەن؟
زۆر شەرمە لەناو میساقی شەرەف و یاسای سەندیکادا ئێوە باس لە باڵباڵێنی حزبی بکەن، چونکە پێکھاتەی ئەم لقەی سلێمانی ھەموولایەنەکانی تریشی تێدایە، ئەی ھیچ نەبێت رێزێک بۆ نوێنەرەکەی پارتی دابنێن و رایەکی وەربگرن لەم بابەتەدا!!
بە کورتی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە ١٥/٧/٢٠١٥ کاتی بەستنی کۆنگرەی بەسەرچووەو باسکردن لە شەرعیەت بۆ دوای ئەو رۆژە وەک یەک باکێج وایە، کەواتە لقی سلێمانی و سکرتێرەکەی ھەمان شەرعیەتی نەقیب و جێگری ئێستاو ئەنجومەنی ھەیە، لەوەش زیاتر لەو بەروارەوە ئەم سەندیکایە لە ناو بۆشایی یاساییدایە لە نەقیبەوە تا سەرجەم لق و نوسینگەکان، تاکە لقێک ھەناسەیەکی کارکردنی تێدامابێت، لقەکەی سلێمانی و ستافەکەیەتی کە لە ماوەی دوومانگی رابردوودا ئەم میدیا رووزەردانە بە دەیان بابەتیان لەسەر ھەڵبەستووە: رۆژێک بە تۆمەتی سیخوری و رۆژێک بە بوون بە پیاوی دەوڵەتان و جارێک بە لادان و جارێک بە کێشەی دارای و ...... ھتد
بۆیە زۆر ناچارین لەماوەی داھاتوودا ماجەرای ١٠دە ساڵی رابردوو وەک بابەتێکی رای گشتی بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتی و سلێمانی بەتایبەتی باس بکەین و ھەرچی لەژێر بەڕەدایە بیخەینە سەر بەڕە.. ئەوەی بەرامبەر بە خەڵک و رۆژنامەنووسانی سلێمانی کراوە بەبەڵگەوە بیخەینە بەردەستی میدیاکان، جا ئەوسا رای گشتی و رای شەقامی سلێمانی بڕیار لەسەر لارو چەوتی و کارە دزێوەکانتان دەدات و دەردەکەوێت کێ دڵسۆزی میدیای کوردیەو کێش دوژمنی سەرسەختی ئازادی و میدیایە..
کاروان ئەنوەر
سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان