لوقمان وەردی: یاسای ههڵبژاردن ماوهی 30 ساڵی بهسهردا تێپهڕیوه
١٤ی نیسانی ٢٠٢٢
لوقمان وەردی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، ٣٠ ساڵە بەپێی ئەم یاسایەی ئێستا ھەیە ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، بۆیە یاساکە بۆ ئاستی پێشکەوتنی ئێستای ھەرێمی کوردستان ناگونجێ و یەکێتی لەپێش ھەموو حیزبەکانی دیکەوە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پێشەکەش کردووە.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ پارتی ناتوانێت متمانە لە سەرۆکی پەرلەمان بسەنێتەوە، ھەروەھا دەشڵێت بەبێ ڕێککەوتنی لایەنەکان، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بانگھێشتی کۆبوونەوە ناکرێت.
لوقمان وەردی وتیشی دەبێت " ھەرێمی کوردستان ھەمواری یاساکە بکات لەسەر شێوازی فرەبازنە بە کورسی پێکھاتەکانیشەوە، تۆماری دەنگدەران پاک بکرێتەوە و لە بایۆمەتری دواھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشێوازی بایۆمەتری تۆماربکرێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لوقمان وەردی ڕایگەیاند پرسی ھەڵبژاردن و ھەموارکردنەوەی یاساکەی پرسێکی نیشتیمانیە و یەکێتی نایەوێت خۆی بەسەر ھیچ لایەنێکی دیکەدا فەرز بکات و قبوڵیشی ناکات ھیچ ھێزێکی سیاسی ئیرادەی خۆی بسەپێنێت.
بە وتەی لوقمان وەردی " پرسی یاسای ھەڵبژاردن پرسێکی نیشتیمانییە و بەبێ سازانی ھێزەسیاسیەکان نە کۆمیسیۆن کارا دەکرێتەوە و نە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنیش بە تاک لایەنە دەڕوات."