بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی دەستگیرکراوانی بادینان بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند "لەدوای کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی کە ھۆشداریماندا لەوەی سکاڵا تۆمار دەکەین، دوو بەندکراوەکە ئازاد کران."

لەبارەی دۆسییەی بێریڤان ئەیوب ژنە چالاکوانێکی دیکەی شاری دھۆک بەشدار حەسەن ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی سزای بەندکردنەکەی تەواو بووە و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ئەویش ئازاد دەکرێت. 

پارێزەرانی کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان ڕایانگەیاند چالاکوان شیروان تەھا سزای دو ساڵ و شەش مانگـ و مەسعود شنگالی سزای سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرابو.

بەڵام دوای ساڵێک و شەش مانگـ لە بەندکردنیان، ڕۆژی سێ شەممە لە دانیشتنێکی تایبەتدا دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی دھۆک بڕیاریدا بە ئازادکردنی ھەردوو چالاکوانەکە.

ھێزە ئەمنییەکانی بادینان بۆ کپکردنی دەنگی ئازاد و ناڕەزایی ھاوڵاتیان سیاسەتی ترساندن و تۆقاندنیان گرتۆتەبەر و دەیان رۆژنامەنوس و مامۆستا و چالاکوانی مەدەنی لە سنورەکە لەسەر ئازادی رادەربڕین و داواکردنی مافی ھاووڵاتیان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکونان ھێزە ئەمنییەکانی بادینان تۆمەتبار دەکەن بە ھەڵبەستنی تۆمەت بۆ سزا دراوەکان و دەڵێن دوای تێپەڕبوونی چەندین مانگ ھێشتا زۆربەیان دادگایی نەکراون و دۆسییەکانیان یەکلانەکراوەتەوە.