فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەزیرانی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزیری کارەبا و پارێزگاری ھەولێر کۆبوونەوە بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی کەمئاوی و چارەسەرکردنی گرفتەکان لەشاری ھەولێر لە وەرزی ھاویندا و چەند بریارێک درا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوە ھاوبەشەکەدا بڕیاردرا بە دروستکردنی ژوورێکی ئۆپەراسیۆن کە بە ھاوبەشی لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی کارەبا و پارێزگەی ھەولێر پێکبھێنرێت و دەسەڵاتی تەواوی دەبێت بۆ بەدواداچوونی کێشەکان و بڕیاردانی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی ھەر گرفتێکی کەمئاوی. 

راشیگەیاندە،  ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ١٣٨ بیری ئاوی خواردنەوە لە شاری ھەولێر و دەوروبەری لێ بدرێن و کارەبای ٢٤ سەعاتی بۆ بیرەکان بە بیرە نوێیەکانیشەوە دابینبکرێت و بودجەیەک بۆ حاڵەتی فریاکەوتن تەرخان دەکرێت ھەروەھا ھەڵمەتی نەھێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر تۆڕەکانی ئاو و کارەبا بەڕێوەدەچێت.