دەقی پەیامەکە...
٣٤ ساڵ لەمەوبەر میللەتەکەمان رووبەڕووی یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بووەوە. دوور لە ھەموو بەھایەکی مرۆیی و ئەخلاقی خوشک و براکانمان بێسەروشوێنکران، سروشتی جوانی کوردستان وێرانکرا و گوندەکانمان خاپوورکران. شاڵاوی بەدناوی ئەنفال ھەوڵێکبوو بۆ لەناوبردنی ژیان و سڕینەوەی شوناسی ئێمە.

ئەمڕۆ کە بە خەمێکی قووڵەوە یادی ئەو برینە ساڕێژنەبووەی جەستەی نیشتمان دەکەینەوە، دروود بۆ رۆ‌حی پاکی شەھیدان دەنێرین و بە حورمەتەوە سەری رێزمان لەبەردەم خەم و چاوەڕوانی چەند ساڵەی کەسوکارە سەربەرزەکەیاندا دادەنەوێنین.

ئەرکی ھەموولایەکمانە دوور لە ھەموو موزایەدەکی سیاسی خزمەتی خانەوەدای سەربەرزی شەھیدان بکەین و ئەنفال بکەینە وانەیەک بۆ قووڵکردنەوەی گیانی یەکڕیزی و تەبایی لەپێناو پاراستن و بەھێزترکردنی قەوارەی ھەرێم. داوا لە حکومەتی عێراق دەکەم بە ئەرکی خۆی ھەستێت و وەک مافێکی یاسایی و دەستووریی قەرەبووی کەسوکاری شەھیدان بکاتەوە. دەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵەکانی بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان بۆ بە جینۆسایدناساندنی تاوانی ئەنفال بەردەوامبێت.

سڵاو لە رۆحی پاکی شەھیدانی ئەنفال و سەرجەم شەھیدانی رێگای رزگاریی کوردستان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
٤/١٤ی ٢٠٢٢