د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ ٣٤ ساڵەی بیرەوەری ئەنفال رایگەیاند، ئەنفال برینێکە ٣٤ ساڵە خوێنی لێدەچۆڕێت و لە دەروونی کەسوکار و ھەمووماندا ساڕێژ نابێت، ئەم مێژووە ڕەشە لە یاد و یادەوەریی مرۆڤی کورددا مێژوویەکی ھێندە پڕ لە ئازار و مەینەتییە کە لێکەوت و کاریگەرییەکانی بۆ ھەتا ھەتایە لە ھزر و ویژدانی گەلەکەماندا دەمێنێتەوە، ئەنفال تاوانێکە کە ھەرگیز کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆتایی نایەت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پرۆسەی ئەنفالدا دوژمنان جیاوازییان نەکرد لەنێوان پێکھاتە جیاوازەکانی گەلی کوردستاندا، لەنێوان ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکاندا، گەلی کوردستانیش بە کۆدەنگی و یەکگرتووییەوە توانیی بەسەر ھەموو ئەو تاوان و مەرگەساتە تراژیدییانەدا سەرکەوێت و ئەمڕۆ لەم یادە پڕ لە ئازارو تراژیدیایەدا لە ھەموو کات زیاتر پێویستمان بە جەستەیەکی یەکگرتوو و گوتارێکی نیشتمانی و ھەنگاوێکی عەقڵانییە بۆ سەرکەوتن بەسەر ھەموو ئەو ڕووداو و گۆڕاِنکاری و پێشھاتانەدا کە دێنە پێش، ئەویش لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجە ستراتیژی و نیشتمانییەکانی گەلەکەمان و ھێنانەدیی خەون و ئاواتەکانی شەھیدان و ئەنفالکراوان.

سەرۆکی پەرلەمان دەشڵێت، دەبێت یادی ئەنفال بکەینە سەرەتایەکی نوێ بۆ بەخۆداچوونەوە، یەکگرتوویی و ھاوھەڵوێستی بۆ سەرجەم پرسە چارەنووسسازەکان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوەخۆییشدا جارێکی تر ئەم مێژووە شەرمھێنەرە وەبیر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بھێنینەوە، بۆ شەرمەزارکردن، بە جینۆسایدناساندنی و قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەویی زیانلێکەوتووانی ئەم تراژیدیایە و کەسوکارەکانیان.

دەقی پەیامەکە...
پەیامی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵیادی مەرگەساتی ئەنفالدا
لە (٣٤)ەمین ساڵڕۆژی ئەنفالدا سەری ڕێز و وەفاداری بۆ سەرجەم شەھیدانی جینۆسایدی ئەنفال دادەنەوێنین، ئەنفال برینێکە (٣٤) ساڵە خوێنی لێدەچۆڕێت و لە دەروونی کەسوکار و ھەمووماندا ساڕێژ نابێت، ئەم مێژووە ڕەشە لە یاد و یادەوەریی مرۆڤی کورددا مێژوویەکی ھێندە پڕ لە ئازار و مەینەتییە کە لێکەوت و کاریگەرییەکانی بۆ ھەتا ھەتایە لە ھزر و ویژدانی گەلەکەماندا دەمێنێتەوە، ئەنفال لە بنەڕەتدا تاوانێکی پلان بۆ داڕێژراوی ھەمەلایەیەنە بوو، بۆ سڕینەوە و جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان، لەناوبردنی ١٨٢ ھەزار مرۆڤی بێتاوان و سڤیل، وێرانکردنی ھەزاران گوند و سووتاندنی ھەزاران دۆنم ڕەزو باخ و کانی و ئاو و ژینگەی کوردستان، تاوانێکە کە ھەرگیز کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆتایی نایەت.
ئەنفال پرۆسەیەکە ھاوشێوەی سەرجەم ئەو جینۆسایدانەی کە لە مێژوودا بەرامبەر بە میللەتەکەمان ئەنجام دراوە لەلایەن ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێَراقەوە، ئەو تاوانەی کە تەنیا لە مێژوودا نەوەستاوە و ھەمیشە بە فۆرم و شێوازی جۆراوجۆر خۆی دووبارە کردووەتەوە.
لە پرۆسەی ئەنفالدا دوژمنان جیاوازییان نەکرد لەنێوان پێکھاتە جیاوازەکانی گەلی کوردستاندا، لەنێوان ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکاندا، گەلی کوردستانیش بە کۆدەنگی و یەکگرتووییەوە توانیی بەسەر ھەموو ئەو تاوان و مەرگەساتە تراژیدییانەدا سەرکەوێت.
ئەمڕۆ لەم یادە پڕ لە ئازارو تراژیدیایەدا لە ھەموو کات زیاتر پێویستمان بە جەستەیەکی یەکگرتوو و گوتارێکی نیشتمانی و ھەنگاوێکی عەقڵانییە بۆ سەرکەوتن بەسەر ھەموو ئەو ڕووداو و گۆڕاِنکاری و پێشھاتانەدا کە دێنە پێش، ئەویش لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجە ستراتیژی و نیشتمانییەکانی گەلەکەمان و ھێنانەدیی خەون و ئاواتەکانی شەھیدان و ئەنفالکراوان.
دەبێت یادی ئەنفال بکەینە سەرەتایەکی نوێ بۆ بەخۆداچوونەوە، یەکگرتوویی و ھاوھەڵوێستی بۆ سەرجەم پرسە چارەنووسسازەکان. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوەخۆییشدا جارێکی دیکە ئەم مێژووە شەرمھێنەرە وەبیر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بھێنینەوە، بۆ شەرمەزارکردن، بە جینۆسایدناساندنی و قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەویی زیانلێکەوتووانی ئەم تراژیدیایە و کەسوکارەکانیان.
پێویستە لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەپیر ئەو ڕاسپاردانەوە بێت کە لە ڕِابردوودا لەلایەن لێژنەی کاروباری شەھیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، ئاراستەی حکوومەتیان کردووە، بەمەبەستی خزمەتکردنی زیاتری ناوچە زیانلێکەوتووەکان.
نەمری بۆ شەھیدان، نەفرەت لە تاوانکارانی مەرگەساتی ئەنفال و جینۆسایدی خەڵکی کوردستان.
د. ڕێواز فائق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢٢/٤/١٤