پڕۆسەی ئەنفال بە سەرکردایەتی "عەلی حەسەن مەجید" ئەنجامدرا کە زیاتر لە ٥ ھەزار گوند وێرانکران و خەڵکەکەی ئەنفالکران، قۆناغی یەکەمی ئەنفال لە ٢٣ شوبات تا ١٩ی ئاداری ١٩٨٨ لە دۆڵی جافایەتی بوو کە نزیکەی ٣٠ گوندی دۆڵی جافایەتی گرتەوە، قۆناغی دووەم لە ٢٢ی ئادار تا ١ی نیسان گوندەکانی ناوچەی قەرەداغی گرتەوە، قۆناغی سێیەم لە ٧ تا ٢٠ی نیسان ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، کە گەورەترین و بەرفراوانترین پەلامار بوو بۆ سەر کوردستان.

 قۆناغی چوارەمیش لە ٨ی نیسان تا ٣ی ئایار ھێڵی زێی بچووک و ھێڵی سنووری ھەردوو پارێزگای کەرکووک و ھەولێری گرتەوە، قۆناغی ٥ و ٦ و ٧ ی ئەنفال لە ١٥ی ئایار تا ٢٦ی ئاب دۆڵی چیاکانی شەقڵاوە و ڕەواندز و دۆڵی بالیسانی گرتەوە، قۆناغی کۆتایی ئەنفالیش قۆناغی ھەشتەم بوو لە ٢٥ی ئاب تا ٦ی ئەیلول لە ناوچەی بادینان ئەنجامدرا.

بە پێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، لە چوارچێوەی ھەڵمەتەکانی پڕۆسەی ئەنفالدا ١٨٢ ھەزار ھاووڵاتی لەناوبران، زیاتر لە ٥ ھەزار گوند وێرانکران.

لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراقیش دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بەرپرسیارانی ئەنفالی دادگایی کرد و تاوانەکەی بە جینۆساید ناساند، بەڵام تا ئێستا کەسوکاری ئەنفالکراوان قەرەبوو نەکراونەتەوە و ڕووفاتی ھەزاران ئەنفالکراویش نەدۆزراوەتەوە.