قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ پێشوازی کرد لە جۆوی ھود جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا تاوتوێ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەمە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٢ لە ھەولێر بەڕێوەچوو، باس لە دۆخی سیاسی عێراق و ھەرێمی کوردستان کرا و ھەردوولا بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی عێراق و ھەوڵەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق خستەڕوو.

جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە لایەنە عێراقییەکان لە پرۆسەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا پاراستنی سەقامگیری عێراقیان لەبەرچاوبێت و ھیواشی خواست ھەرچی زووە لێکتێگەیشتنی پێویست لەنێوان لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردندا دروست ببێت بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی کارا کە بتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانی و خواستی ھەموو پێکھاتەکاندابێت.