مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە یادی ٣٤ ساڵەی تاوانی ئەنفال ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
کوردسات نیوز
١٣ی نیسانی ٢٠٢٢
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان:
کەسو کاری قوربانیانی ئەنفال
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
ئیمڕۆ کە یادی سی و چوار ساڵەی ترسناکترین تاوانی سەدەی بیست تاوانی ئەنفال دەکەینەوە ، وێرای دانەواندنی سەری رێز بۆ رۆحی پاکی گشت ئەو مرۆڤانەی کە بەدڕندانەترین شێوە لەگۆڕە بە کۆمەڵەکاندا گولەباران کران، یان لەبرس و تینوێتیدا لەسەحرا وزیندانەکاندا ژیانیان لێسەندرایەوە.
لەم یادەدا وەبیر ھەموو لایەکی دەھێنینەوە، بەھۆی زۆر و زەوەندیی ئەو زیانەگیانی وماڵی ومەعنەوییانەی کەبەخەڵک وناوچەکانی کوردستان کەوت لەو تاوانەدا، سەرەڕای ھەوڵەکانی سۆراغ و گەڕان بە دوای بێسەروشوێنکراوان و دۆزینەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و ئاشکراکردنی ناسنامەی شەھیدەکان و ھێنانەوەی روفاتەکانیان بۆ کوردستان ، بەڵام ھێشتا لە ناساندنی تاوانی ئەنفال وەک جینۆسایدکردنی گەلی کورد لە ئاستی جیھانیدا و قەرەبوکردنەوەی زیاتری ئەوانەی لەو تاوانەدا رزگاریان بوە و ھەروەھا کەس وکاری قوریانیەکان و ئاوەدانکردنەوەی ئەو گوند وناوچانەی بەھۆی پەلامارەکانی ئەنفالەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتوە نەگەیشتۆتە ئاستی رازی بونی ھەموو لایەکمان .
بۆیە لێرەدا جارێکی تر دوپاتیدەکینەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەمیشە لەو ھەوڵانەی بەردەوامە کەلەسەرەوە ئاماژەمانپێدا و ھەروەھا بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانێکی وەھا بەرامبەر گەلەکەمان ، لە نێوەندە سیاسی و دبلۆماسیەکاندا گشت توانایەکی خستۆتەگەڕ بۆ زامنی زیاتری پارێزگاریکردن لەو مافە دەستوریانەمان کە جێبەجێکراون وکارو ھەوڵی بەردەوام بۆ ئەوانەشی بەدی نەھاتون ، ئەمانەش پێویستیان بە گفتوگۆ و زمانی دیالۆگی بەردەوامە نەک مزایەدەی بێ ھودە کە ببنە ھۆی ھەڵچون و دروست بونی تەنگژەی وەھا کە ئاقارەکەی بەرەو کێشە و ڕودانەوەی کارەساتێکی تر بڕوات و بارگرانی زیاتر لەسەر شانی گەلەکەمان دروست بکات .
ھەر لەم یادە خەمناک و کارەساتبارەدا بەڵێن دووپاتدەکەینەوە ھەموو ھەوڵەکانمان بۆساڕێژکردنی یەکجارەکی برینەکانی ئەنفال و لێکەوتەکانێتی .
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان