جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکە ئیدارییەکان و وەرگرتنی داتای تەواوی باران بارین بۆ ئەمساڵ وشکەساڵی رادەگەیەنن، بەمەش لە زۆر رووەوە زیانی زۆر بەر گەرمیان دەکەوێت بەتایبەتی کشتوکاڵ و ژینگە.

وتیشی، ئەمە دووەم ساڵە گەرمیان دووچاری وشکەساڵی دەبێتەوە و بۆ ئەمساڵیش کاریگەرییەکان خراپتر دەبن بەراورد بە ساڵی رابردوو، بە پێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی گەرمیان زیاتر لە ١٣٥ ھەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و بەروبوومی ماسی زیانیان پێدەگات و کاریگەری لەسەر چۆڵ بوونی گوندەکان دەبێت بەھۆی ئەوەی بیرەکانیان وشک دەبێت و مەترسی سەرھەڵدانی چەندین نەخۆشی دەکرێت.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان راشیگەیاند، لە داھاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ یەکە ئیدارییەکاندا راپۆرێک ئامادەکان و ئاڕاستەی حکومەتی دەکەن بۆ داواکردنی بودجەیەکی پێویست و بەپەلە بۆ بەھاناوەچوونی ھاوڵاتیانی شار و گوندەکانی سنوری گەرمیان و داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش دەکەن بەھانایانەوە بچن تا بتوانن رووبەڕووی وشکەساڵی ببنەوە.