حکومەتی ھەرێم بودجەی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە_چەمچەماڵ تەرخانکرد
کوردسات نیوز
١٢ی نیسانی ٢٠٢٢
قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە خەونە گەورەکەی چەمچەماڵ بەدی ھات ئەویش پاش ئەوەی ڕەزامەندی وەرگرتووە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ.
قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ دەشڵێت بڕیارەکە ئەمڕۆ دراوە و وەزارەتی دارایی و ئابووریش لە نوسراوێکدا کە واژوی ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەرە دەڵێت، بڕی ٧٠ ملیۆن و ٤٥ ھەزار دۆلار بەشێوەی نەختینە و قۆناغ پرۆژەکە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە خەرج دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێمی کوردستان دەڵێت پرۆژەکە "لەسەر بوودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار بەپێی باری دارایی حکومەت" جەێبەجێدەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەی قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵدا ھاتووە "ئەم بڕیارە دوای ھەوڵە بەردەوامەکانی قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵە کە تا ئێستا ٧٧ نوسراو بۆ ئەو مەبەستە کراوە."