بکوژانی شەهید نەقیب محەمەد دەستگیرکران
کوردسات نیوز
١٢ی نیسانی ٢٠٢٢
ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بە یاوەری ھیوا ئەحمەد بەرپرسی ئاسایشی سلێمانی سەردانی خانەوادەی شەھید محەمەد لەتیفیان کرد و ھەواڵی دەستگیرکردنی ھەر سێ تاوانبارەکەی پێ ڕاگەیاندن.
جێگری سەرۆکی حکومەت لە سەردانەکەیدا بۆ ماڵی خانەوادەی شەھید مەحەمەد لەتیف ڕایگەیاند: وەک چۆن بەڵێنەکەیان بردە سەر لە دەستگیرکردنی تاوانباران، بە دڵنیاییشەوە تا کۆتایی چاودێری دۆسیەکە دەکات و تاوانباران بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن.
قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە ئاسایش و ھێزە ئەمنییەکان کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا بە ھەموو توانایانەوە کاریان کرد بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران و ڕایگەیاند: ڕووداوی دەستگیرکردنی بکوژانی شەھید محەمەد ھەڵگری ئەو پەیامەیە کە ھێزە ئەمنییەکان وریا و چاوکراوەن و تاوانبار ناتوانن لە سزای یاسایی دەرباز بن.
جێگری سەرۆکی حکومەت باسی لەوەشکرد کە شەھید محەمەد شەھیدی ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و سەروەری یاسا بوو، ھەروەک چۆن ڕووداوی دڵتەزێنی شەھیدبوونەکەی ویژدانی ھەموو خەڵکی کوردستانی ھەژاند، دەبێت ئەم ڕووداوە ھەموو لایەکیان بەخۆدا بھێنێتەوە کە تەنھا سزادانی تاوانباران بەس نییە، بەڵکو پێویستە توندوتیژی خێزانیش بە پلان بنبڕ بکرێت.
شەوی ٤ی ١٢ی ٢٠٢١ لە مەفرەزەیەکی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی، چوون بۆ دەستگیرکردنی داواکراوێک، سەرەنجام لەلایەن کەسێکی نزیکی داواکراوەکەوە دەستڕێژی گولـلە لەو مەفرەزەیە کراوە و بەھۆیەوە نەقیب محەمەد لەتیف، گیانی لە دەستدا و چوار پۆلیسی دیکەش برینداربوون.