زیندانییانی شێلادزێ وەستێنامە بە خێزانەکانیان دەدەن
کوردسات نیوز
١١ی نیسانی ٢٠٢٢
ئەیھان سەعید رۆژنامەنوس و نوێنەری زیندانیانی بادینان رایگەیاند، ماوەی ساڵێک و چوار مانگە پێنج چالاکوانی شێلادزێ لەگەڵ چەندین زیندانی تری بادینان لە ئاسایشی گشتی ھەولێر زیندانیکراون و ئەمرۆ لە رێگای کەسوکاریانەوە ھەواڵی تێکچۆنی دۆخی تەندروستی ئەو پێنج زیندانییەی بادینانیان پێگەیشت، یەکێک لە زیندانییەکانیش لە ھۆش خۆی چوە و ھەندێکیان ماوەی ٣٦ رۆژە و چواریشیان ماوەی ١٩ رۆژە دەستیان بە مانگرتن کردووە لە خواردن و وەسێتنامەی خۆشیان بە کەسوکاریان داوە و چاوەڕوانی مردن دەکەن.
وتیشی، زیندانییەکان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە زۆر بە توندی ئەشکەنجدراون ڤیدیۆ کراون و ھەروەھا رێگەیان پێنادەن پارێزەری خۆیان ببینن و لە کاتی لێکوڵینەوەدا گشت وتە و ئیفادەکانیان گۆڕدراون و پێیان ئیمزا کردوون کە نەیان زانیوە چی نوسراوە.
نوێنەری زیندانیانی بادینان داوا دەکات فریای ئەو چالاکوانە مەدەنیانە بکەن و بە زووترین کات رێگە بدەن چاویان بە پارێزەرەکانیان بکەوێت و رۆژی دادگاییکردنیان دیاری بکرێت، کە بەپێ یاسا کارپێکراوەکان راگرتن و دادگایینەکردنیان نایاسایی یە.
ئەیھان سەعید دەشڵێت، بێ جگە لەو پێنج زیندانییانە دەیان کەسی تریش لەسەر بیروڕای جیاوازی سیاسی لە زیندانن و بەشێکیان سێ تا پێنج ساڵ بەبێ دادگاییکردن زیندانیکراون.
دەلێت، "زیندانیانی بادینان پێیان وتین ئەگەر کەیسەکەمان یەکلایی نەکرێتەوە تا مردن لە مانگرتن بەردەوام دەبین، چونکە ئەوان بێ تاوانن و ئەگەر یاسا سەروەربێت دەستبەجێ ئازادەکرێن".