شاناز ئیبراھیم ئەحمەد گرنگی دیداری یەکێتی دووپاتدەکاتەوە
کوردسات نیوز
١١ی نیسانی ٢٠٢٢
ئەمڕۆ ١١ی نیسانی ٢٠٢٢ لەبارەگای مەڵبەند، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئامادەبوونی جەزا سەید مەجید لێپرسراوی مەڵبەند لەگەڵ ئەنجومەنی مەڵبەندی سلێمانی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکە شاناز ئیبراھیم ئەحمەد باسی لەدوایین پێشھاتەکان و بارودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد و رۆڵی یەکێتی لە گفتوگۆ و دانوستانەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا بۆ ئامادەبووان روونکردەوە و رایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە کەحکومەتێکی نوێی خزمەتگوزار لەوڵاتدا پێکبھێنرێت تا ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە فەراھەم بکات و بتوانێت بەبێ جیاوازی خزمەت بکات.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا شاناز ئیبراھیم ئەحمەد پێویستی گرتنەبەری بەرنامەیەکی تۆکمەی بۆ بەھێزترکردنی ریزەکانی رێکخستن دووپاتکردەوە و داوای لەھەڤاڵانی ئەنجومەنی مەڵبەند کرد کە بەرۆحیەتێکی یەکێتییانەوە ھەنگاو بنێن بۆ بوژاندنەوەی رێکخستنەکان.
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا گرنگی سازدانی دیداری یەکێتی دووپاتکرایەوە، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد راشیگەیاند، دەبێت رەچاوی پسپۆڕیی و شارەزایی و لێھاتوویی ئەو کادرانە بکرێت کە دەبنە ئەندامی لیژنەکانی رێکخستنی دیداری یەکێتی لە سلێمانی، ھەروەھا پێویستە لە نێو لیژنەکانیشدا رەچاوی تایبەتمەندی سلێمانی بکرێت، بەجۆرێک وەڵامدەرەوەی خواست و کێشە و داواکانی ئەم شارە بێت.