لەسەر داوای بێگەرد تاڵەبانی پێدانی کارەبا بە جوتیاران زیاد کرا
کوردسات نیوز
١١ی نیسانی ٢٠٢٢
راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ھەرێم بڵاویکردەوە، دوابەدوای بەدواداچونی "بێگەرد تاڵەبانی" وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ داواکاری جوتیاران کە بەھۆی کەمی رێژەی بارانبارین و پارێزگاری لە بەرھەمی دانەوێڵە و بەرووبومە کشتوکاڵییەکانیان بیرەکانی ئاو بۆ ئاودان بەکاردەھێنن و پێویستیان بە زیادکردنی رێژەی کارەبایە.
بۆ ئەو مەبەستەش "بێگەرد تاڵەبانی" پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ وەزیری کارەبا و پارێزگارەکان کرد و بە نوسراوی رەسمی ئاگاداری کردنەوە کە پێویستە بڕی پێدانی کارەبا بە جوتیاران زیاد بکرێت، دواتر داواکارییەکە پەسندکرا و بۆ لەمەودوا بڕی پێویستی وزەی کارەبا زیاد دەکرێت بۆ ئەوەی بەرھەمی جوتیاران لە وشک بوون و لەناوچوون بپارێزرێت.