کۆچەر جەمال بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمساڵ لە مانگی یەکدا باران و بەفرێکی زۆر باری، ئومێدی ئەوە زیاتر بوو کە ئاستی ئاو بەشێوەیەکی باش بەرزببێتەوە و مەترسی وشکەساڵی و کەمئاوی نەمێنێت، بەڵام لە مانگی ٢ و ٣ رێژەیەکی کەم باران باریوە.

بە وتەی کۆچەر جەمال ئەم دوو مانگەی ڕابردوو تەنھا ٣٠ تا ٣٣ ملیم باران لە دوکان باریوە، تا ئێستاش نزیکەی ٣٠٠ ملیم باران لە بەنداوەکە باریووە، ئەوەش تێکڕای نیوەی بارانبارینەکەیە، کە لە بنەڕەتدا بەنداوەکە پێویستی بە ٦٠٠ ملیمەتر بارانە.

کۆچەر جەمال وتیشی، لە ئێستادا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٣ مەتر ئاو لە بەنداوەکە کەمترە، کە تێکڕای ئاو لە بەنداوەکە ٢ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن لیتر ئاو ھەیە، ئەوەش ٤١%ی ئاوی بەنداوەکە دەکات، ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە ٤٨%ی ئاو لە بەنداوەکەدا ھەبووە.

جەختیشیکردەوە، کەمبونەوەی ئاو کاریگەری لەسەر ئاوی خواردنەوە نابێت، بەڵام کاریگەری لەسەر کەرتی کشتوکاڵ دەبێت و ناتوانرێت وەک پێویست ئاو بۆ کشتوکاڵ بەربدرێتەوە.