لە تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی شەمە ٩ی نیسانی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، باس لە پرسی وزە و پێگەی کوردستان لەڕووی نەوت و گازەوە کرا، لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی یۆنان ئاماژەی بەوەدا کە کوردستان لەبەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە بۆ ھەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ ئەوروپا.

ھەرلەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، راستە دەرفەتی مێژوویی لەبەردەم کوردستاندایە، بەڵام حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدرال سەبارەت بە پرسی ھەناردەکردنی نەوت و گاز ناکۆکن، ھەربۆیە پێویستە سەرەتا کێشە یاساییەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدرال چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان بتوانێت بەبێ کێشە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرس و سامانە سروشتییە بکات.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی ھاندانی کۆمپانیا و وەبەرھێنەرانی یۆنانی کرا لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکەن و لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە، حکومەتی ھەرێم کارئاسانی تەواو دەکات بۆ وەبەرھێنەرانی یۆنانی کە دەیانەوێت لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا وەبەرھێنان بکەن.

ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر دەستپێکردنی گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و یۆنان، وەزیری دەرەوەی یۆنان بەڵێنی دا بۆ ئەم مەبەستە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی فرۆکەوانی دەکات.

 پرۆسەی پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی عێراق تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و ھەردوولا ھاوڕابوون کە دەبێت لایەنە عێراقییان لێکتێگەیشتنیان زیاتریان ھەبێت و بەردەوامیدان بە ناکۆکییەکان نەک تەنھا پرۆسەی پێکھێنانی حکومەت دوادەخات بەڵکو سەقامگیری عێراقیش دەخاتە مەترسییەوە.

لە  کۆبوونەوەکەدا ھەر یەکە لە ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم و دابان شەدەڵە جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم یاوەری قوباد تاڵەبانی بوون.