لە ھەردوو کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ شەمە ٩ی نیسانی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوون، جێگری سەرۆک وەزیران نیگەرانی خۆی لە دۆخی کۆچبەرانی کورد لە سنوورەکانی یۆنان و یەکێتی ئەوروپا دەربڕی و داوایکرد بە شێوەیەکی مرۆڤدۆستانە مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەدا بکرێت.

جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لەوەکردەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە جیاتی ئەوەی بودجەیەکی زۆر بۆ تۆکمەکردنی سنوورەکان تەرخان بکەن، باشترە بیر لەوە بکەنەوە کە ھانی کۆمپانیا و وەبەرھێنەرەکانیان بدەن لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکەن و ھەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێنن، لەڕێی وەبەرھێنان و کاری ھاوبەشی ئابورییەوە جگە لەوەی دەکرێت بەشێوەیەکی بەرچاو کێشەی کۆچ کردن بەرەو ئەوروپا چارەسەر بکرێت، بەڵکو لەڕووی ئابورییشەوە لە بەرژەوەندی وڵاتانی ئەوروپادایە.

لە ھەردوو کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا ھاوڕابوون لە داھاتوودا کاری ھاوبەش بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە، کە بوونەتە ھۆی رووتاندنەوە و تەنانەت کوشتنی کۆچبەران لەسەر سنوورەکان.

 ھەر لەم چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی داوای لە بەرپرسانی یۆنانی و یەکێتی ئەوروپا کرد ئاسانکاری زیاتر بکرێت لە پێدانی ڤیزە بە ھاوڵاتیانی کوردستان و پرۆسەی سەفەری یاسایی ئاسانتر بکرێت بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان چیتر بیر لە ڕێگەی قاچاخ بۆ کۆچکردن نەکەنەوە.