دەقی پەیامەکە ... 

ئەمڕۆ بیست و دوو ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستای سیاسەت، تێکۆشەری کوردایەتی و ڕووناکبیری گەلەکەمان و پارێزەری مافە نەتەوەییەکانمان مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد  تێدەپەڕێت.

لە مێژووی بزووتنەوەی کوردایەتیدا مامۆستا ئیبراھیم چرا ڕۆشنکەرەوەی خەبات و تێکۆشان بوو، ھەر لە نوسینە ئەدەبیەکانی و ھۆنراوە و چیرۆکەکانیدا گیانی بەرگری و نیشتمانی و نەھێشتنی جیاوازی چینایەتی پەی پێکراوە کەئەو زاتە  خاوەن بیرێکی  مەزنە بۆ ڕێنوێنکردنی خەبات.

مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد لە سەردەمێکدا لە ئاست ئەوەی حزب و خەباتی سیاسی کوردایەتی لە بەرژەوەندی چەند کەسێکدا بچوکنەکرێتەوە لەگەڵ زۆرینەی ھاوڕێکانی لە مەکتەبی سیاسی ئەو کاتی پارتیی دیموکراتی کوردستاندا نەخێریان بەرزکردەوە و لەو ڕۆژ و سەردەمەوە خەباتی سیاسی کوردایەتی چووە قۆناغێکی ترەوە و جڵەوی تێکۆشان کەوتە دەستی ڕۆشنبیرانەوە.

مامۆستا ئیبراھیم ئەحمد تا ئەو ڕۆژەی بە یەکجاریی جێھێشتین و دوا ماڵئاوایی لێکردین ھەمیشە فێرگەیەک بوو بۆ تێکۆشان و گەنجینەیەک بوو لە ئەزموون، بۆیە ڕۆڵ و پێگەی لە کایەکانی سیاسی، ڕووناکبیریی، ئەدەبی، نەتەوەیی و نیشتمانیدا بۆھەمیشە لە یادماندا زیندوو دەمێنێت.

مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان