ئاوی بەنداوەکانی ھەرێم چەند مەترێک لە ئاستی ساڵی ڕابردوو کەمترە
کوردسات نیوز
٨ی نیسانی ٢٠٢٢
"ڕەحمان خانی" بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی ھەرێم بە کوردسات نیوزی ڕایگەیاند، ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو یەک مەتر و ٣٠ سم زیادی کردووە، بەڵام ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دھۆک ٧ مەتر و دوکان ٣ مەتر کەمیان کردووە، ھەروەھا ئاستی ئاوی بەنداوە بچوکەکان ھەندێکیان کەمیان کردووە و ھەندێکیشان وەک ساڵی ڕابردووە.
وتیشی، ئەمساڵ ڕێژەیەکی کەم باران باریوە و ئێرانیش چەند بەنداوێکی لەسەر زێی بچوک و ڕووباری سیروان دروستکردووە، ئەوانە دوو ھۆکاری سەرەکین بۆ کەمی ڕێژەی ئاو لە بەنداوەکان.
بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان دڵنیایشیدا ھاوینی ئەمساڵ کێشەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ھاووڵاتیان دروست نابێت بەڵام ناتوانرێت بە پێی پێویست ئاو بۆ کشتوکاڵ و پێویستییەکانی تر دابین بکرێت.