قوباد تاڵەبانی: پلانمان ھەیە گرنگی زیاتر بە کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بدەین
کوردسات نیوز
٨ی نیسانی ٢٠٢٢
لە کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە ھاندان و کارئاسانی بۆ کۆمپانیا و وەبەرھێنەرانی یۆنانی کرا کە بە ھاوکاری کۆمپانیا و وەبەرھێنەرانی کورد لە بوارەکانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و پیشەسازی خۆراکدا وەبەرھێنان بکەن و لەو بارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئامادەیی تەواوی حکومەتی ھەرێمی دەربڕی بۆ کارئاسانیکردن بۆ کۆمپانیا و وەبەرھێنەرانی یۆنانی.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر دەستپێکردنی گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان کوردستان و یۆنان و وەزیری گەشەپێدان و وەبەرھێنانی یۆنان ڕایگەیاند ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی دەکەن بۆ پێدانی ڤیزە بە ھاوڵاتیانی کوردستان و دەستپێکردنی ھەرچی زووتری گەشتی ڕاستەوخۆ لە نێوان کوردستان و یۆناندا.
قوباد تاڵەبانی سوپاسی ھەڵوێست و تێگەیشتنی وەزیری گەشەپێدان و وەبەرھێنانی یۆنانی کرد بۆ کوردستان و باسی لەوەشکرد کە ڕاستە ئەوان نەوت و گازیان ھەیە، بەڵام پلانی حکومەتی ھەرێم بۆ لەمەودوا ئەوەیە زیاتر گرنگی بە گەشەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی بدات و بۆ ئەم مەبەستەش جگە لە کارئاسانی بۆ کۆمپانیا و وەبەرھێنەرە بیانییەکان لە پلانیاندایە سیستمی بانکی لە کوردستان ڕێکبخەنەوە.