دەقی پەیامەکە : 

ئەمڕۆ ٢٢ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستای سیاسەت و کوردایەتی، رۆشنبیری و رۆژنامەگەری، مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد تێدەپەڕێت.

مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد یەکێک بوو لە سیمبولەکانی سیاسەت، رێبەری خەبات و تێکۆشان لە سەدەی رابردوودا و بەو بیرە نەتەوەییەوە کە ھەیبوو، ھەموو ژیانی بۆ خەبات دژی زوڵم و ستەم تەرخانکرد. ئەمەش نەک ھەر لە کاری سیاسیدا، بەڵکو لە بەرھەمە ئەدەبی و رۆژنامەوانییەکانیدا بە ئاشکرا دیارە. 

یەکڕیزی و یەکدەنگی کورد بەرامبەر داگیرکەران و ھەبوونی گوتارێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی لەنێوان ھێزە سیاسییەکاندا خەمی گەورەی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد بوو. ھەمیشە بڕوای بەوە ھەبووە کە سەرکەوتنی کورد پەیوەستە بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی ناوماڵی کوردەوە، بۆ ئەمەش ھەوڵی زۆری داوە و مێژوو شاھیدی دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ مامۆستا ئیبراھیم دەدات بەرامبەر سەربەرزی و سەرفرازی خەڵکی کوردستان.

ئەوکاتەی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، خەباتی سیاسی گۆڕانکاری و نوێگەری بەسەردا ھات و بناغەیەکی نوێی بۆ خەبات و کاری سیاسی دانا. ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی ھەبوو لە سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و شێوازی کارکردنیدا. ئەوانەی رابردوو لەیاد ناکەن و مێژوو وەک خۆی دەگێڕنەوە، ئەم راستییە باش دەزانن.

ئێمە خەبات و تێکۆشانی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد لەیاد ناکەین. بە سوودوەرگرتن لەو میراتە سیاسی و رۆشنبیرییەی مامۆستا بۆ ئێمەی جێھێشتووە درێژە بە خەبات دەدەین و بە ئومێدەوە بۆ داھاتوو دەڕوانین. ئەمەش ئەرک و بەرپرسارێتی ئێمەیە بەرامبەر نەتەوەکەمان و وەفاداریمان بۆ مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد.