بەڕواندنی نەمام رۆحیەتی نیشتمانپەروەری مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد زیندوو رادەگیرێت
٨ی نیسانی ٢٠٢٢
لەو مەراسیمەدا کە شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی ١ی رێکخستنی سلێمانی (ی.ن.ک) و ژمارەیەک لەئەندامانی سەرکردایەتی و کەسایەتی و ھەڤاڵان و دڵسۆزان و وەفادارانی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد ئامادەیبوون، ھەڵمەتێکی نەمام رواندن بۆ شادکردنی رۆحی قوربانیان و شەھیدانی دەستی داعش بەڕێوەچوو.
خاتوو شاناز ڕایگەیاند، ئەمساڵ بەوپێیەی ساڵیادەکە کەوتۆتە مانگی پیرۆزی رەمەزانەوە و بۆئەوەی کەسانێکی زۆر کە لەدەرەوەی شارەوە دێن و ماندوونەبن بڕیارماندا مەراسیمی تایبەت بەو بیرەوەرییە بخەینە مانگی ئایار، ئەمڕۆش تەنیا بە ھەڵمەتی چاندنی نەمام بەشداری بکەین کە لەساڵی ٢٠١٦ ەوە دەستمان پێکردوە و لەگەڵ گەورەبونی نەمامەکاندا ناوی پیرۆزی شەھیدانی لەسەر دەنوسین.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد وتیشی ، بەداخەوە کەشەڕی داعش ھێشتا کۆتایی نەھاتووە و قوربانیەکی زۆرمان داوە بۆیە وەک یادێک و وەک ڕەمزێک بۆ ئەو شەھیدانە دەمانەوێت ئەم پارکە وەک بەشێکی لێبێت کە ھەمیشە یادیان بەخێر بکەینەوە.
لەبارەی ئەو مەراسیمەی چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد ، بەردەوام دەبن لەسەر بیروبۆچون و ھزری مامۆستا، بۆ ئەمساڵیش وەک چۆن پێشتر بەڵێنمان دابوو، ھەموو بەرھەمەکانی کۆکراوەتەوە و لە ١٥ بەرگدا بەچاپ گەیەندراوە کە دواتر مەراسیمی ناساندنی بۆ بەڕێوەدەچێت لەلایەن رێکخراوی ئیبراھیم ئەحمەد فاوەندەیشنەوە.
وتیشی ، ھیوادارم خەڵک زیاتر سودی لێببینێت و زیاتر لە ھەست و فکر و بۆچونی باوکم تێبگات.
دواتریش، خاتوو شاناز بەھاوڕێیەتی ژمارەیەک لەئەندامانی خانەوادەکەی، سەردانی مەزاری پیرۆزی مامۆستا و سیاسەتمەداری کۆچکردووی کرد و بەڵێنی بەردەوامبون لەسەر رێبازەکەی بۆ خزمەتکردن بەکورد و کوردستان و ھێنانەدی ئاوات و ئامانجەکانی دووپات کردەوە.