بەھۆی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی لە دوێنێوە رووی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کردووە، شەوی رابردوو لە خورماتوو ٢٣ کەس گەیەندرانە نەخۆشخانە و لەو ژمارەیەش شەش کەسیان گیانیان لەدەستدا. دوای کەمبوونەوەی ئۆکسجینیش لە نەخۆشخانەی خورماتوو بەھۆی زۆری ژمارەی سەردانیکەرانەوە، لەسەر راسپاردەی مەلا کەریم شکور، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئۆکسجینی پێویست گەیەندرایە نەخۆشخانەکە.

ھاوکات بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی ھەولێر رایگەیاند، ٤٣ کەس رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون و چارەسەری پێویستیان بۆ ئەنجام دراوە. تەندروستی ھەولێر داوای لە ھاوڵاتیان کردووە بەمەبەستی دروستنەبوونی پاڵەپەستۆ لەسەر نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژھەڵات، ئەو کەسانەی بەھۆی خۆڵبارینەوە تەندروستییان تێکچووە، سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا بکەن.

ھەر بەھۆی خۆڵبارین و تەنگەنەفەسییەوە، ١١ کەس لە سلێمانی و ٥ کەس لە گەرمیان و ٩٠ کەس لە کەرکوک و  ٣٥ کەس لە ئیدارەی راپەڕین گەیەنراونەتە نەخۆشخانە.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی ھەرێمیش لە راگەیەندراوێکدا داوای لە ھاوڵاتیان کرد، لە ناچاریدا نەبێت نەچنە دەرەوە و لە کاتی چوونە دەرەوەش ماسک ببەستن، چونکە تۆز و خۆڵ کاریگەری لەسەر کۆئەندامی ھەناسەدان ھەیە، بەتایبەت بۆ توشبوانی رەبوو و ھەستیاری و نەخۆشانی دڵ. تا ئێستاش لە ھەرێمی کوردستان ھیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بە خۆڵبارین تۆمەر نەکراوە.