بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین رایگەیاند، ئەمڕۆ تەرمی کچێک بەناوی (ک.ح.ح) کە دانیشتووی گوندی گردە سپیانی قەڵادزێ بوو، گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی قەڵادزێ.

پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین دەڵێت تەرمی کچەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە بەمەبەستی گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان.

بە وتەی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین، دوای پشکنین و توێکاری بۆ لاشەکەی دەرکەوت شوێنەواری گوللـەیەکی دەمانچە بەسەری کچەکەوە ھەیە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕیندا ھاتووە "دوایی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی بەمەبەستی ھۆکاری ڕاستەقینەی مردنەکەی تەرمەکەی بەڕێکرا بۆ پەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانی، دۆسیەی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕوداوەکە ڕێکخراوە".