محەمەد عەتا عەبدوڵا جێگری سەرۆکی بەڵێندەران لقی سلێمانی رایگەیاند، لە ئێستادا ئیش و کارەکانی بەڵێندەران لەو پەڕی خراپیدایە، ھەموو ئاواتی بەڵێندەران ئەوە بوو شەڕی داعش تەواو بێت و پرۆژەکان دەستبکەنەوە بە کار کردن، بەڵام دوای شەڕی داعش کۆمەڵێک پرۆژە کەوتەوە ئیش بە حساب لەسەدا ٨٥ پارەکانیان بۆ تەرخان بکرێت، بەڵام دوای ماوەیەک پەتایی کۆرۆنا ھات ئەویش وەستێنرا کەس باسی نەکرد.


ئاشکراشیکرد، لە کۆی ١٢٨٠ کۆمپانیا کە لای ئەوان تۆمار کراوە ٨٠٠ بۆ ٩٠٠ کۆمپانیا مایەپوچ بوون، زۆربەیان پارەیان لای حکومەتە کە بەڵێننامەیان لێوەرگیراوە ئەو پارانە نابێت لە بانکدا دەستکاری بکرێت ھەتا حکومەت خۆی فەرمان دەرنەکات، ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر بەڵێندەر ئیش و کاری لە باجی دەرامەت یان زەریبە یان زەمان ھەبێت، چەکی بانک قەبوڵ ناکەن دەڵێن دەبێت روسمات بە کاش بدەن، لەبری ئەوەی کار ئاسانی بۆ بەڵێندەران بکەن رۆژ لە دوای رۆژ شتی قورستر دەھێننە ئاراوە.


جێگری سەرۆکی بەڵێندەران لقی سلێمانی ھۆکاری مایەپووچبونی بەڵێندەرانی گەڕاندەوە بۆ زیادبوونی رسومات بە شێوەیەکی بەرچاو و رونیکردەوە، جاران میزانییە ١٥٠ ھەزار دینار بوو، ئێستا تۆمار دروستکراوە دەبێت بچیت بۆ وەزارەتی داد مۆری بکەی، جیا لەمەش فۆرمی وەرزی ھەیە شەش مانگی و ساڵی ھەیە، ئەگەر پڕی نەکرێتەوە ٧٥ ھەزار دینار غەرامە دەکرێت، ھەموو کۆمپانیاکانی بەڵێندەرایەتی موڵکیان دادەنا لە دەستەبەری بانکی، لەسەدا پۆینت پێنج پارە وەردەگیرا، بەڵام ئەمساڵ کراوە بە لەسەدا دوو پۆینت پێنج ئەمە لەبری ئەوەیە کار ئاسانی بۆ بەڵێندەران بکەن.


وتیشی، تەنھا لە سلێمانی ١٧٤ کۆمپانیا ھەیە پارەی لای حکومەتە، لە ئێستادا سەرجەم پرۆژەکانی سلێمانی وەستێنراوە و راوەستانی پرۆژەکان گەورەترین بێکاری دروست کردوە جاران پرۆژەکان ٢٠ بۆ ٣٠ کەس کاری تێدا دەکرد لە ئەندازیار و کرێکار، ئێستا ھەمووی دەرکراوە تەنھا یەک پاسەوان ھێڵدراوەتەوە لەبەر ئەوەی شتومەکان نەدزرێت.


محەمەد عەتا ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام نوسراوی فەرمی دەکەن بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام ھەمووی بێ وەڵامە، لەمانی  لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەتەوە و کۆمەڵێک بەڵێنیان پێدراوە، بەڵام تاکو ئێستا ھیچ دیار نیە و کار بە بەڵێنەکان نەکراوە، داواکارن حکومەت چاوێک بە ڕەوشی بەڵێندەران بخشێنێتەوە.