لە ‌کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە ٧ی نیسانی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، باسی کێشەی تیرۆر و گروپە توندڕەوەکان و چۆنییەتی ریشەکێش کردنی ئەو گروپانە کرا و ھەردوولا ھاوڕابوون کە دۆخی خراپی ئابوری و لاوازی سیستمی حکومڕانی زەمینە بۆ گەشەکردنی ئەم گروپانە خۆش دەکەن و بۆ ریشەکێشکردنی ئەم گروپانەش پێویستە نەک تەنھا لەڕووی ئەمنییەوە بەڵکو لەڕووی ئابوری و سیاسییەوە ھاوکاری و پلانی نێودەوڵەتی ھەبێت. 


لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی کێشەی خۆراک کرا کە بە تایبەتیش لە ماوەی رابردوودا بەھۆی کاریگەری شەڕی رووسیا و ئۆکراینەوە ئەم کێشەیە قوڵتر بووەتەوە. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی باسی لە پێویستیی گرنگیدانی زیاتری کرد بە کەرتی کشتوکاڵ و رایگەیاند، ھەرێمی کوردستان وڵاتێکی کشتوکاڵییە و دەتوانێت ببێتە سەبەتەی خۆراکی وڵاتانی ناوچەکە و بۆ ئەمەش پێشوازی لە وەبەرھێنەرانی بیانی دەکەین بۆ وەبەرھێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا.


ھەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنان کرا و بە تایبەتیش ھەردوولا جەختیان کردەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.