وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، لە ڕێگەی ٨١ پرۆژەی ستراتیژی و پێنج ھەزار و ٧٨٧ بیر، دوو ملیار و ٦٨٤ ملیۆن و ٦٠٥ مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە لە ڕێگەی ١٤ بەڕێوەبەرایەتی و ١١٨ فەرمانگە بۆ تێکڕای ھاوبەشانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.

ئاشکراشیکردووە، ھاوبەشانی ئاو لە ھەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ١٤ ھەزار و ٧٠٦ ھاوبەشن، ٧٠٤ ھەزار و ٢٥٩ ھاوبەش پێوەری ئاویان ھەیە و ٣١٠ ھەزار و ٤٤٧ ھاوبەشیش پێوەری ئاویان نییە.

ئاماژەی بەوەشکرووە، بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەرۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە ماوەی تەنھا مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی ئەمساڵ ٢٠٢٢، داھاتی ئاو لە ھەرێمی کوردستان نۆ ملیار و ٧٧٠ ملیۆن و ٥٩١ ھەزار دینار بووە، ساڵی ٢٠٢١یش ٤٢ ملیار و ١٠٢ ملیۆن و ٣٢٧ ھەزار دینار داھات بووە، بەڵام ١٢٨ ملیار و ٦٩٩ ملیۆن و ٤١٩ ھەزار دینار خەرجی دەستەبەرکردنی ئاوی خواردنەوە بووە بۆ ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان لە تەواوی شار و شارۆچکە و گوند و ناوچەکان.