زیندانییەک لە ھەولێر ١١ ساڵە بە بێ دادگایکردن زیندانیکراوە
کوردسات نیوز
٧ی نیسانی ٢٠٢٢
کۆمیتەی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان"CDFR" ، نامەی زیندانییەکی بە ناوی"شیروان سەعید سیاری" کە دانیشتوی پیرمامە بڵاوکردووەتەوە، بە پێی نامەکە دوور لە ھەموو بنەما یاسایی و دیموکراسیەکان لەسەر گۆڕینی لایەنی سیاسی، چەندین ساڵە سزا دەدرێت.
کۆمیتەی داکۆکی لە ماف و ئازادییەکان داوادەکات، دەستبەجێ پڕۆسەی دادگاییکردنی ئەو زیندانییە و گشت دەستگیرکراوەکان دەستپێبکرێت و دۆسیەکانیان یەکلایی بکرێتەوە، ئەو ماوەیەی بێ دادگاش بەندکراون قەرەبوو بکرێنەوە.
ھاوکات "شێروان سەعید" لە نامەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە پیرمام نیشتەجێبووە و لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٣ بە بێ دادگایکردن زیندانیکراوە، دواتر لە ١٥-١١-٢٠١٧ بە دەستی مەفرەزەیەکی پاراستن و ئاسایشی پیرمام دەستگیرکراوە و تا ئێستا لە ئاسایشی گشتی بەندکراوە لە ھەولێر، بە بێ ئەوەی ھیچ دادگا و دادوەرێک بینیبیەتی.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، لە ئاسایشی ڕانیەی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامەزراوە و ئەرکی ئاسایی خۆیی ئەنجامداوە، داوا لە سەرۆکایەتییەکانی ھەرێم و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەکات ھاوکاری بکەن بۆ ئەوەی ڕزگار بکرێت، چونکە ژیانی لە مەترسیدایە.