زیاد جەبار: حکومەت لە دۆخێکی دارایی زۆر باشدایە
کوردسات نیوز
٧ی نیسانی ٢٠٢٢
زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابووری پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، ئێستا ھەرێمی کوردستان لە دۆخێکی دارایی زۆرباشدایە، بەڵام بۆ ژیانی خەڵک نا بەڵکو بۆ باری دارایی حکومەت، کە ئێستا قەیرانی دارایی تێپەڕاندووە، بۆیە پێویستە لە لەکاتی خۆیدا مووچە بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دابین بکات ھیچ بیانویەک نییە بۆئەوەی مووچە دوابکەوێت و ئەو پرۆژانەشی کە لەڕابردوودا بەھۆی قەیرانی داراییەوە پەکیان کەوتووە و وەستاون ئێستا پێویستیان بەوە ھەیە بخرێنەوە گەڕ.
لەبارەی بلۆککردنی ٦٩٤ ملیۆن دۆلاری پارەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە بانکێکی لوبنان سەرۆکی لیژنەی کاروباری دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئەوانیش بیستویانە کە ئەو بڕە پارەیە لە بانکێکی لوبنان بلۆککراوە و لە داھاتوودا لە کۆبوونەوەکانی خۆیاندا قسەی لەسەر دەکەن و پرسیاریش ئاراستەی حکومەتی ھەرێم دەکەن و داوای روونکردنەوە دەکەن.
سەبارەت بە دەوام نەکردنی وەزیری دارایی زیاد جەبار دەڵێت، "بەپێی زانیاری خۆم وەزیری دارایی جارێکی تر ناچێتەوە ئەو وەزارەتە و بە رەسمی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشکردووە و ماوەیەکی دوورودرێژە لەماڵەوە کارەکانی جێبەجێ دەکات بۆئەوەی ئیشوکارەکان نەوەستێت، بەڵام ھەتا ئێستا وەڵامی دەستلەکارکێشانەوەکەی نەدراوەتەوە خۆی بڕیاری خۆیداوە کە ناچێتەوە وەزارەت".