عەلی باپیر لەدیدارێکدا لەگەڵ کونسوڵی گشتیی کۆماری تورکیا لە ھەولێر رایگەیاند، کۆمەڵی دادگەری لەگەڵ ھەڵبژاردنێکی پاک و ئازادو دادپەروەرانەدایە، بە پێویستیشی دەزانێت یاسای ھەڵبژاردن ھەمواربکرێتەوە و ژمارەی بازنەکانی ھەڵبژاردن گۆڕانکاری تێدابکرێت.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی کۆمەڵی دادگەری، ڕایگەیاند عەلی باپیر لە مەکتەبی تایبەتی کۆمەڵ لە ‌شاری ھەولێر پێشوازیی لە ھاکان کاراجای کونسوڵی گشتیی کۆماری تورکیا لە ھەرێمی کوردستان کرد و لە ‌دیدارەکەدا وتی کۆمەڵ بۆچوونی وایە کە پێویستە لایەنەکان بگەنە سازان و ڕێکبکەون لەسەر کاندیدێکی ھاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و دواتر ڕێککەوتن بکرێت لەسەر پێکھێنانی حکومەتی عێراق.

عەلی باپیر وتیشی "کۆمەڵ لەگەڵ ھەڵبژاردنێکی پاک و ئازادو دادپەروەرانەدایە، کۆمەڵ بە پێویستی دەزانێت یاسای ھەڵبژاردن ھەمواربکرێتەوە، ژمارەی بازنەکانی ھەڵبژاردن و چۆنیەتی ھەڵبژاردنی نوێنەرانی پێکھاتەکان گۆڕانکاریی تێدابکرێت بەجۆرێک کە پەرلەمانتارانی پێکھاتەکان تەعبیر لە ویست و ئیرادەو خواستی دەنگدەرانی ڕاستەقینەی خۆیان بکەن".

ھەروەھا لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتی تورکیا پشتیوانی سەقامگیریی و ئارامیی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات و دەبێت ھەموو چین و توێژەکان ماف و ئازادییەکانیان تێدا دەستەبەربکرێت.