لەدوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم ڕایگەیاند دەیانەوێت کاریگەرییە نەرێنییەکان جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراین کەمبکرێنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش حکومەت ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر تاوەکو بارگرانی نەبوونی بەرھەمە خۆراکییەکان یان گرانبوونیان لە سەر ھاووڵاتییان دروست نەبێت.

ئەو بەرھەمە خۆراکییانەی کە بۆ ماوەی ٢ مانگ ڕەسمی گومرگیان لەسەر ھەڵدەگیرێت پێکھاتوون لە ئارد ، برنج ، زەیتی خواردن، و ڕۆنی بەستووی ڕووەکی وئاژەڵیی ، چای ڕەش ، شەکر ، پاقلەمەنی وشک ( نۆک، نیسک، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیاو ماش) ، شیری منداڵان بە ھەموو جۆرەکانییەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە "ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی ئامادەسازی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت کردەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان."

ھەر لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە کراوە لە ڕێگەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگا و ئیدار سەربەخۆکان چاودێری نرخ و بازاڕ دەکرێت و لەدوای ئەو دوو مانگەی دیاریکراوە ھەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە ئەنجامی ڕێکارە پێشنیارکراوەکان دەکرێت.