بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێستا لە ھەمووکات زیاتر پێویستمان بەو سیاسەتە حەکیمانەیە کە سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد
کوردسات نیوز
٦ی نیسانی ٢٠٢٢
بافڵ جەلال تاڵەبانی
دەشڵێت، جارێکیتر بەڵێن و وەفاداری بەرامبەر بیروباوەڕ و رێبازە پیرۆزەکەت دووپات دەکەینەوە، خەمی خەڵک و دابینکردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ ھاووڵاتییانمان دەکەینە بنەمای کارکردنمان و بەھیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافەکانیان ناکەین .
دەقی پەیامەکە...
ئەمڕۆ بە شکۆ و شانازییەوە یادی ھەڵبژاردنی سەرۆک مام جەلال وەک یەکەم سەرۆککۆماری کورد لە مێژووی عێراق دەکەینەوە.
لای ھەمووان روونە ئێستا عێراق بە دۆخێکی سیاسی نەخوازراودا تێدەپەڕێت و نەبوونی دیالۆگێکی نیشتمانیی و بەرپرسیارانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ زاڵبوون بەسەر گرفتەکاندا، دەرخەری ئەو راستییەیە و ئاماژەیەکی روونە کە ئێستا لە ھەمووکات زیاتر پێویستمان بەو سیاسەتە حەکیمانەیەیە کە سەرۆک مام جەلال پەیڕەوی دەکرد لەپێناو سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان. رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق و کوردستان زیاتر شاھیدی ئەو راستییە دەدەن کە ئەو بۆشاییەی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال دروستیکرد بە ئاسانی پڕ نابێتەوە و تەنھا رێگەش بۆ زاڵبوون بەسەر گرفتەکاندا، گەڕانەوەیە بۆ سیاسەتی حەکیمانەی مام.
لەم رۆژە مێژووییەدا جارێکیتر بەڵێن و وەفاداری بەرامبەر بیروباوەڕ و رێبازە پیرۆزەکەت دووپات دەکەینەوە. خەمی خەڵک و دابینکردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ ھاووڵاتییانمان دەکەینە بنەمای کارکردنمان و بەھیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافەکانیان ناکەین. بەردەوامی بە ھەوڵەکانمان دەدەین لەپێناو قووڵکردنەوەی رۆحی تەبایی و پێکەوە ژیان لەنێوان سەرجەم نەتەوە و پێکھاتەکان. وەک ھەمیشە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن ستراتیژی کارکردنمان دەبێت و بەرگری لە بەھا مرۆیی و دیموکراسییەکان دەکەین.
سڵاو لە رۆحی پاکی سەرۆک و رابەرمان مام جەلال و سەرجەم شەھیدانی کوردستان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
٦ی نیسانی ٢٠٢٢