قوباد تاڵەبانی سەردانی وڵاتی یۆنان دەکات
٦ی نیسانی ٢٠٢٢
لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی_یەوە، سەمیر ھەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و وەفدێکی یاوەری بەرەو یۆنان بەڕێ کەوتن بە مەبەستی بەشداری کردن لە حەوتەمین دیداری ئابوری دێلفی لە وڵاتی یۆنان بەڕێوەدەچێت.
وتیشی: بڕیارە جێگری سەرۆک وەزیران لەو دیدارەدا وتارێک پێشکەش بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار و جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە یاوەری قوباد تاڵەبانی دەکەن لەم دیدارەدا.
حەوتەمین دیداری ئابوری دێلفی، لە رۆژانی ٦-٩ی نیسانی ٢٠٢٢ بەرێوەدەچێت و بابەتە سەرەکییەکانی دیدارەکە بریتین لە ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئابوری جیھانی و رێگەکانی پێشخستنی، گۆڕانی کەشوھەوا، یەکێتی ئەوروپا و داھاتووی یەکێتیەکە، گۆڕانە تەکنەلۆجیەکان و گۆڕانکارییە ئابورییەکان و کۆمەڵگا.
دیدارەکە بە ئامادەبوونی سەرۆک و سەرۆک وەزیران و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرس و کەسایەتییە جیھانییەکان بەڕێوەدەچێت.