فراکسیۆنی یەکێتی: یەکێتی جەختدەکەینەوە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت
کوردسات نیوز
٦ی نیسانی ٢٠٢٢
زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھەردوو یاسای ھەڵبژاردن و کۆمسیۆن لە ھەرێمی کوردستان رەھەندی نیشتمانیان ھەیە، بەپێی ئەو رێککەوتنە لەدوای ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ لەنێوان یەکێتی و پارتی ھەیە، یەکێک لە خاڵەکانی ئەوەیە ئەو یاسانەی رەھەندی نیشتمانیان ھەیە و ھەمواری یاسای ھەڵبژردن بکرێتەوە بە سازان لەنێوان ھێزە سیاسییەکاندا و لە رێککەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان پارتیش بەھەمان شێوە ئەو خاڵە دیاریکراوە.
وتیشی، یاسای ھەڵبژرادن لە ھەرێمی کوردستان ٣٠ ساڵ لەبەر بە سادەیی دەرچووە و کەموکوڕی زۆری تێدایە و لەماوەیەشدا گۆڕانکاری گەورە رویانداوە و لەئێستادا پێویستە یاساکە ھەموار بکرێتەوە، کە ماوەی ٣٠ ساڵە، پێنج خول ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان بە یەک بازنەیی دەکرێت و بۆیان دەرکەوتووە، پەرلەمانە بە یەک نازنەیی ناتوانێت ھاوسەنگی لە نێوان شار و شارۆچەکەکانی کوردستان بەدیبێنێت، بۆیە پێویستە بکرێت بە چوار بازنە تا ھەر پارێزگایەک بەپێی ژمارەی دانیشتوانی نوێنەرەکانی بنێرێتە پەرلەمان.
لەبارەی تۆماری دەنگدەرانیشتەوە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، ئەو تۆماری دەنگدەرانەی لە کۆمیسۆنی ھەڵبژاردنەکان ھەیە پاک نییە و لە رابردوو ئەوانەی گیانیان لە دەستداوە لە تۆمارەکەدا ماونەتەوە و جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئەو تۆماری دەنگدەرانەی لە ٢٠١٨ ھەڵبژاردنی پێکراوە لەگەڵ ئەو تۆمارەی لە ساڵی ٢٠٢١ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی پێکرا ھەیە، بۆیە پێویستە ئەو تۆمارە پاکبکرێتەوە.
لەبارەی نوێنەری پێکھاتەکانەوە لە پەرلەمانی کوردستان زیاد جەبار جەختیکردەوە، پێکھاتەکان پێگەی تایبەتیان ھەبووە لای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و دەیانەوێت نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن و لەو پرۆژەی پێشکەشیان کردووە کورسی پێکھاتەکان وەکو خۆیان دیاریکراون، بەڵام دوو خاڵیان دیاریکردووە، کە ئەوانیش پێکھاتە تەنھا لە سنوورێکی دیاریکراون نییە، بەڵکو لە سنوری ھەر چوار پارێزگاکەی کوردستان پێکھاتە ھەیە و دەبێت نوێنەرایەتی ھەموو پێکھاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان ھەبێت، ھەروەھا دەبێت نوێنەری راستەقینەی پێکھاتەکان بن نەک نوێنەری حزبن.
راشیگەیاند، وەکو یەکێتی جەختدەکەنەوە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، بەڵام دەبێت ھەردوو یاساکە ھەموار بکرێتەوە، لەگەڵ فراکسیۆنە جیاوازەکانی تر و ئەندامە سەربەخۆکان ھیچ ھێزێک ناتوانێت رایانبگرێت، کە ئامانجیانە یاساکان بە شێوەیەک ھەمواربکرێنەوە تا بتوانن ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەر لە ھەرێمی کوردستان بەرێوەبچێت.