د. ڕێواز فائق: ھەمووان خۆزگە بە سەردەمی سەرۆک مام جەلال دەخوازن
کوردسات نیوز
٦ی نیسانی ٢٠٢٢
د. ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی ١٧ ساڵ تێپەڕیوون بەسەر ھەرڵبژاردنی سەرۆک مام جەلال بە سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، ھەڵبژاردنی سەرۆک مام جەلال بە سەرۆک کۆمار عێراق، دەستکەوتێکی گەورە و مێژوویی بوو بۆ گەلی کورد، ھەروەھا یەکەم سەرۆککۆمار بوو لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو، یەکەمجار بوو لە مێژووی حوکمڕانیی عێراقدا کوردێک وەک سەرۆک کۆمار ھەڵبژێردرا و لەماوەی فەرمانڕەواییکردنیشیدا ڕۆڵێکی بەرچاوی بینی لە بەڕێوەبردنی عێراقدا.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەشڵیت، لەدوای نەخۆشکەوتنی سەرۆک مام جەلال تاوەکو کۆچی دواییکردنی و ئێستاکەیشی لەگەڵدا بێت، ھێشتا گەل و نەتەوە و پێکھاتە جیاوازەکانی عێڕاق، خۆزگە بەو سەردەمە دەخوازن کە سەرۆک مام جەلال لە پۆستی سەرۆککۆماریدا بوو، ئەو تەونە جوانەی پێکەوەژیان و تەباییەی کە مام جەلال دایڕشت، ئاسەوار و کاریگەرییەکانی لە یادگە و بیرەوەرییەکانی خەڵکی عێڕاق و کوردستاندا ھێشتا ھەر زیندوون.
د. ڕێواز فائق تەئکیدیکردەوە، لەم قۆناغە دژوار و بێمتمانەییەی کە ئەمڕۆکە دووچاری عێڕاق و کوردستانیش بۆتەوە، لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ سەر شاڕێگەی ئەو ھێڵە نیشتمانییانەی کە سەرۆک مام جەلال بە حیکمەت و دووربینییەکانی خۆی نەخشەی بۆ دەکێشا، بۆ بەیەکتری گەیاندن و نزیککردنەوەی ھەموو ئاراستە جیاواز و ناکۆکەکان.
لەئێستاشدا یاد و بیرەوەرییەکانی مام لە ھەموو کاتێک زیاتر لە زەینی عێڕاقییەکاندا دەخولێتەوە، دروود بۆ ڕۆحی پاکی نەخشە داڕێژەری ئاشتی و ئارامی و تەبایی، دروود بۆ گیانی ئەو مرۆڤەی کە لە بری چاندنی تۆوی ناتەبایی، درەختی خۆشەویستی و پێکەوەژیانی لە دڵی ھەموواندا ڕوواند.