د. سەباح ھەورامی: چارەسەری کێشەی تەندروستی سلێمانی تەنھا لای حکومەتە
کوردسات نیوز
٦ی نیسانی ٢٠٢٢
د. سەباح ھەورامی بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، کێشەی نەمانی دەرمان لە ناوەندەکانی کەرتی تەندروستی لە سلێمانی کێشەیەکی نوێ نییە و دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئابی ساڵی رابردوو، ئەوان چەندین جار ھۆشداریانداوە لەم کێشەیە و ئێستاش بەھۆیەوە نزیکەی ٦٠٪ی دەرمانی ھەڵگیراوی ئەوان بەکارھێنراوە و نەماوە.
بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی دەشڵێت، "چارەسەری ئەم کێشەیە لای حکومەتی ھەرێمە و پێویستە ئەوان بڕیاری لەسەر بدەن، ھیچ روونادات ئەگەر حکومەتی ھەرێم بڕیاربدات دوو ملیار لە داھاتی نەوت خەرجکات بۆ سلێمانی و ئەم کێشەیە و کۆتایی پێبێت، کاتی خۆی کە کێشەی نەختیینەیی لە ھەولێر و دھۆک ھەبوو کۆمپانیاکانی دەرمان دەھاتن بانکەکانی ئێمە چەکەکانیان بۆ دەکردن بە پارە، با ئێستا ئەوانیش ھاوکاری سلێمانی بکەن".
ئاشکراشیکرد، لە سلێمانی چەندین کۆمپانیا و کەسایەتی و بازرگان ھاتوونەتەسەر خەت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە سوپاسیان دەکەن، بەڵام کەرتی تەندروستی بە سەدەقە بەڕێوەنابرێت.
د. سەباح ھەورامی راشیگەیاند، پێویستە حکومەتی ھەرێم لەو راستییە تێبگات کە دەرمان پێش مووچەیە و چۆن پارە بۆ مووچە تەرخاندەکرێت ئاواش پێویستە پارە بۆ دەرمان تەرخانبکرێت.