شەپۆلێکی خۆڵبارین ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
کوردسات نیوز
٦ی نیسانی ٢٠٢٢
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێم رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ ئاسمانی ھەرێم نیمچە ھەوربێت و خێرایی با (١٠ بۆ ٢٠)کیلۆمەتربێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک، ھەروەھا لە پاش نیوەڕۆ و شەودا خێرایی با چالاک دەبێت و ئاسمان دەگۆڕێت بۆ ھەوری تەواو و بەرزبوونەوەی تۆز زیاتر دەبێت و مەودای بینین کەمدەبێتەوە.
ھەروەھا وەزارەتی ژینگەی عێراقیش رایگەیاندوە، گۆڕانی کەشوھەوا ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ زیادبوونی شەپۆلی خۆڵبارین، بە پێی ئاماری دەستەی گشتی کەشناسی، ژمارەی ئەو رۆژانەی خۆڵبارین تێیاندا روودەدات لە ٢٤٣ رۆژەوە بۆ ٢٧٢ رۆژ بەرزبووەتەوە لەماوەی ساڵێکدا، پێشبینیشدەکرێت لە ساڵی ٢٠٥٠ بگاتە ٣٠٠ رۆژ لەساڵێکدا.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، بەھۆی خۆڵبارین و گۆڕانی کەشوھەواوە، نزیکەی ٧٠%ی زەوی کشتوکاڵی لەعێراق لەناوچوون یاخود لەژێر مەترسی لەناوچووندان.